داپیرەیەک لە هەولێر: کوڕەکەم هەڕەشەی کوشتن لە خۆم و نەوەکانم دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

ژنێکی دانیشتووی دارەتووی هەولێر، لەگەڵ کچێکی کوڕەزای تەمەن 10 ساڵ لە ماڵ هەڵاتوون و داوای پەناگە دەکەن، کوڕی ژنەکە کە دەکاتە باوکی کچە 10 ساڵەکە، هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکات. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-01-2023، ژنێکی بەساڵاچوو لەگەڵ منداڵێکی تەمەن 10 ساڵان، هانایان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو هێنا بۆ ئەوەی دەنگیان بگەیێنێتە لایەنی بەرپرس. کاتێک رووداو لەبارەی ژیانیانەوە پرسیاریکرد، منداڵە 10 ساڵانەکە بەناوی "ن. م" گوتی، "باوکم بەردەوام لە ماڵەوە لێمان دەدا، جارێکیش چەقۆی لە خوشکە گەورەکەم داوە کە ساڵێک لە من گەورەترە." 
 
ئەو منداڵە، خوشک و برایەکی دیکەی هەیە و دایکیان لە باوکیان جیابووەتەوە، چەند مانگێکە منداڵەکان دایک و باوکیان نەبینیوە و لای داپیرەیان دەمێننەوە. ئێستا داپیرەیان (دایکی باوکیان بەناوی - س) سەرپەرشتییان دەکات و بە رووداوی گوت: "سێ مانگە ناوێرین بچینەوە ماڵەکەی خۆمان، کوڕەکەم دەکەوێتە گیانمان هەڕەشەی کوشتنمان لێدەکات"، بە گوتەی ئەو ژنە "چەند جارێک هانایان بۆ پۆلیس بردووە، بەڵام سوودی نەبووە." 
 
منداڵەکانی دیکەش، براونەتە ماڵێک بۆ ئەوەی دەستی باوکیان پێنەگات. رووداو لەگەڵ هێڵی گەرمی 119 و پۆلیس قسەیکرد، هاوکات لەگەڵ وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش قسەکرا، ئەوان بە دەمیانەوە هاتن و گواسترانەوە بۆ پەناگە.
 
باوکی منداڵەکان ناوی "م"ـە، لەدایکبووی ساڵی 1994ـە، بەگوتەی دایکی چەند ساڵێکە مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت، بەڵام نزیکەی سێ مانگە زۆر زیاتر بەکاردەهێنێت. 
 
داپیری منداڵەکە بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ تەواو نائومێد بووین، چووینە ناو بازاڕی هەولێر، خەڵک گوتیان بچنە رووداو دەنگی خۆتان لەوێوە بگەیێنن. 
 
تائێستا، کوڕی ژنەکە کە دەکاتە باوکی منداڵەکان، دەستگیر نەکراوە.