نوێنەری سەرۆکی رووسیا سڵاو و رێزی پووتینی گەیاندە نێچیرڤان بارزانی

 
دوای ئەوەی جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە مۆسکۆوە راستەوخۆ گەیشتە هەولێر، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ستایشى رۆڵى سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستانى کرد. هاوکات بانگهێشتنامەی فەرمیشی پێشکەشکرد بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووریی سانت پێترسبۆرگ.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا "سڵاو و ڕێزى بەڕێزان سەرۆک ڤلادیمیر پووتین و سەرۆکوەزیرانى رووسیاى گەیاندە بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستان".
 
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایى لە دەستبەکاربوونى سەرۆکوەزیرانى نوێی رووسیا کردووە و خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودانى پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ رووسیا دووپاتکردووەتەوە، هەروەها دەستخۆشى لە کار و چالاکییەکانى کۆمپانیاى گازپرۆمى رووسى لە کەرتى وزەدا لە هەرێمى کوردستان کرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی عێراق تاوتوێکرا و جەختکراوەتەوە لە گرنگیی هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە نەکردنی عێراق بە گۆڕەپانی کێشە و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەر بەپێی راگەیێندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا "تیشکیان خستەسەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشەلەسەرەکان".
 
جگە لە دۆخی عێراق، دۆخی سووریا و هەبوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسی کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەی سووریا و رۆڵی رووسیا لەو وڵاتە تاوتوێ کران؛ لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس لە بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى رووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل و دۆخى ناوچەکە بەگشتى کراون.
 
شاندەکەی رووسیا لە هەریەکە لە میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، ماکسیم ماکسیمۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، سێرگی پێترۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی گازپرۆم نەفت، ڤادیم یاکۆڤلێڤ، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گازپرۆم نەفت، ڤیاچێسلاڤ نیکۆنۆرۆڤ، سەرۆکی بازرگانیی نێودەوڵەتی، سێرگی کاراڤاێڤ، سەرۆکی پرۆژەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئابووری، ئەمنی و سیاسی پێکهاتبوو.