د. رۆژ نووری شاوێس: تاوەکو ئێستا یەکێتی ئامادەنییە بۆ کۆبوونەوەی سێقۆڵی

رووداو - هەولێر

ئەندامێكی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، یەکێتی تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەی سێقۆڵی پارتی، گۆڕان و یەکێتی بۆ نووسینەوەی کارنامەی حکومەت پەسند نەکردووە.

دکتۆر رۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" کۆبوونەوەی سێقۆڵی پێشنیازی پارتی بووە، گۆڕان رازی بووە بەو پێشنیازە، بۆ ئەوەی هەرسێ لا بەرنامەی حکومەت دابنێن، بەڵام تاوەکو ئێستا برادەرانی یەکێتی ئەو پێشنیازەیان پێ پەسند نەبووە".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێت: "رێککەوتنی نوێی نێوان پارتی، یەکێتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی چوار ساڵی حکومەت و ئەولەویەتەکانی حکومەتی نوێ و چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ئەو حیزبانە و حیزبەکانی دیکەی کوردستانە، بۆ ئەوەی ئێمە بگەیێنێت بە قۆناخێکی باشتر لە ئێستا، بەو پێیەی ئێمە بە باردۆخێکی ئەستەم تێدەپەڕین، دۆخی ناوچەکە دۆخێکی ئاڵۆزە، پێویست بەوە دەکات ئەوانە بەدەم ملیللەتەکەیانەوە دێن، پێکەوە ئیش بکەن و دابنیشن و کێشەکانیان بەلاوە بنێن، رێگەچارەیەک بۆ کێشەکانی ئەمڕۆ بدۆزنەوە".

بڕیاربوو ئەمڕۆ لە هەولێر شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێی نووسینەوەی کارنامەی حکومەت کۆببنەوە، بەڵام لەسەر داوای یەکێتی کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن