هەسەدە: ئێمە لەپشت تەقینەوەکەی منبجەوە نین
رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرکۆنەی تەقینەوەکەی منبج دەکات و رەتیدەکاتەوە دەستی تێدا هەبووبێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ئەنجوومەنی سەربازیی منبج-ی سەر بە هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "سەرکۆنەی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی دوێنێ شەوی منبج دەکەین. هەر تێوەگلانێکی هێزەکانمان لە هێرشەکە دا رەتدەکەینەوە."
هەسەدە داواش لە دانیشتووانی منبج دەکات هاوکاریان بن لە دۆزینەوەی بکەرە راستەقینەکانی تەقینەوەکە "لە ریزەکانی بەکرێگیراوانی تورکیا کە کردەوە تاوانکارییەکانیان وەکو کوشتن، تاڵانکردن و تۆقاندنی خەڵکی لە زیادبووندایە."
شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێک لە نێوەڕاستی شاری منبج لە رۆژهەڵاتی شاری حەلەبی سووریا تەقییەوە.
بەرگریی شارستانیی سووریا رایگەیاند، تەقینەوەکە لە بەردەم مزگەوتی گەورەی منبج بووە.
بە گوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، تەقینەوەکە تەنیا زیانی مادی هەبووە.
ئەوە دووەم تەقینەوە بوو لە ماوەی سێ رۆژدا لە شارەکەدا رووبدات.
24ی ئەم مانگە، بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە، لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکە بریندار بوون. تەقینەوەکە زیانی مادیشی بە ئۆتۆمبێل و ماڵەکانی دەوروبەر گەیاند.
ئێستا منبج لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیادایە.
شارەکە ساڵی 2014 کەوتە دەستی داعش، ساڵی 2016 کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و 9ی ئەم مانگەش کەوتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی نزیک لە تورکیا.