دوای راپۆرتێکی رووداو؛ فرۆشتنی ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان قەدەخە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێکی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە فرۆشتنی ڤەیپ و نەبوونی چاودێریی لەسەر فرۆشتنی بە منداڵان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ساڵی نوێوە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ دەستپێدەکەن و لە هەر دووکانێک ڤەیپ ببینین دەستی بەسەردادەگرن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 28-12-2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی، داواکاری گشتی بڕیاری قەدەخەکردنی ڤەیپی دەرکردووە و لە ساڵی نوێوە فرۆشتنی قەدەخە دەکرێت."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە سەرجەم شوێنەکانی فرۆشتنی ڤەیپیان ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو ساڵی نوێ هەموو ڤەیپەکان لەنێو ببەن.
 
لەبارەی دەستپێکردنی هەڵمەتەکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ لە دووکانەکاندا، نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی، "لە ساڵی نوێوە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ڤەیپ دەستپێدەکەین و لە هەر دووکانێک ڤەیپ ببینین، دەستی بەسەردا دەگرین و لەنێوی دەبەین."
 
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتیشی، ئەو فرۆشگایانەی بۆ فرۆشتنی ڤەیپ مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە "دەبێت" لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکارییان بۆ بکەن دووکانەکەیان بکەن بە بابەتێکی دیکە.
 
رۆژی چوارشەممە (28-12-2023)، پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئەنجامی بەدواداچوونێکی بۆ فرۆشتنی ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو؛ بەگوێرەی ئەو کەسانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەیان کردووە، "بێ لێپرسینەوە لەوەی ڤەیپ بۆ تەمەنی ئەو گونجاو نییە" ڤەیپ لە هەرێمی کوردستان بە منداڵان، مێرمنداڵان و قوتابییان دەفرۆشرێت.
 
 
مێرمنداڵێک بە رووداوی گوت، ماوەی ساڵێکە و لە هاوڕێکانییەوە فێری ڤەیپکێشان بووە؛ گوتیشی، "لە مارکێت ڤەیپ هەیە و لە هەندێک شوێن کە تایبەتن بە نێرگەلە دەیکڕم. من بۆ خۆم زیاتر لەو شوێنانەی تایبەتن بە ڤەیپ و نێرگەلە ڤەیپ دەکڕم. لە مارکێتیش دەیکڕم و ئاسان دەمدەنێ، پرسیارم لێناکەن و هەر بە ئاسایی دەمدەنێ."
 
خاوەنی دووکانێکیش کە ڤەیپی دەفرۆشت گوتی، "هەموو حکومەتی هەرێم[ـی کوردستان] ئەگەر (ئەو ڤەیپەی) پێ قەدەخە کرا، بەڵێن بێت سەری خۆم کەچەڵ دەکەم! چونکە هیچ سانسۆرێک نە لە فڕۆکەخانە و نە لە گومرگ نییە."