لێکۆڵەرێکی ئەدەبیاتی کوردی لە ورمێ: گەنجانی کورد لە باکووری پارێزگاکە کەمتر بە زمانی دایک دەنووسن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووماڵێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ رووداوەکانی ساڵی 2021ی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێشبینییەکان بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 2022 باسی دۆخی سیاسی، ئابووری، کولتووری و هونەری لەو بەشەی کوردستان کرا و بە بەشداریی چالاکڤانی سیاسی و کولتووری و رۆشنبیریی رۆژهەڵاتی کوردستان دیبەیتێک لەبارەی ناسنامەی نیشتمانی و مافە نەتەوەییەکانی کورد بەڕێوەچوو.
 
سیاوەش حەیاتی، سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد؛ د. مەحموود موبارەکشاهی، پسپۆڕی جوگرافیای سیاسی؛ بەڕێوەبەری ناوەندی فەرهەنگی -  هونەری ڤەژین لە مەریوان؛ مەسعود بابایی، لێکۆڵەر و نووسەری رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵەبجە و خالید محەممەدزادە، چالاکڤانی سیاسی لە ستۆدیۆی سلێمانییەوە بەشدارییان لە دیبەیتەکەدا کرد. میوانەکان ئاماژەیان بەوە دا، لە دەستووری ئێراندا دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی نێو ئێراندا نەنراوە و تاوەکو دەستووری ئەو وڵاتە هەموار نەکرێتەوە، ناکرێت چاوەڕوان بن گۆڕانکاری لەبارەی دابینبوونی مافەکانی کورد لەو وڵاتە رووبدات.
 
لەبارەی هەوڵەکانی دوو لایەنەکەی حیزبی دیموکرات، هەروەها کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانیان، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا دەڵێت، "تاوەکو نەورۆز دانوستاندنەکان بۆ یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستان - حدک و حدکا کۆتاییان دێت". هەروەها کاکۆ عەلیار، ئەندامی لیژنەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکانیش رایگەیاند، "هەوڵی ئەمجارەیان بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان جیاوازە و ئەگەری زۆرە لە مانگەکانی سەرەتای 2022دا بە ئەنجام بگات".
 
 
لە رووماڵەکەدا چەند هەڤپەیڤینێکیش لەگەڵ چالاکڤانانی کولتووری، سینەماکاران و هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرانەوە. تاهیر ئاگوور، لێکۆڵەری ئەدەبیاتی کوردی و وەرگێڕ لە شاری ورمێ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ جەعفەر موبەشرنیا ئاماژەی بەوەدا، دەستپێکی چالاکییە ئەدەبی و کولتوورییەکانی کورد لە ورمێ و ناوچەکانی باکووری ئەو پارێزگایە بۆ 400 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لەو کاتەوە چالاکییەکان هەروا بەردەوامن.
 
تاهیر ئاگوور گوتیشی، گەنجانی کورد لە باکووری پارێزگای ورمێ کەمتر بە زمانی کوردی دەنووسن و بە پێویستی زانی کۆمەڵگە زیاتر گرنگی بە فێربوونی زمانی دایک و نووسین بە زمانی کوردی بدات.
 
هەروەها هەڤپەیڤینێکی فوئاد حەقیقی لەگەڵ پەرویز رۆستەمی، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەسەر کەرتی سینەما بڵاوکرایەوە و رۆستەمی رایگەیاند، کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر ژمارەی بەرهەمەکان و داهاتی سینەما لە رۆژهەڵاتی کوردستان داناوە.
 
هونەرمەندی گۆرانیبێژ هانی موجتەهیدیش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی کە لە ستۆدیۆکانی رووداو لە ئەڵمانیا تۆمارکرابوو باسی لە پڕکاربوونی خۆی لە ساڵی 2021 و پرۆژەکانی بۆ ساڵی داهاتوو کرد.