مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی: مووچە نەدرێت بایکۆت دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە، نوێنەرانی مامۆستایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێن، یەکشەممە بایکۆت دەستپێدەکەن. جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان داوا دەکات پێش یەکشەممە دابەشکردنی مووچە رابگەیێندرێت.
دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکشەممە بایکۆت دەستپێدەکات، نەوەکو تەنیا مامۆستایان، بەڵکو زۆرینەی فەرمانبەرانی سنوورەکە بایکۆت دەکەن".
میرانی گوتی: "مووچەی مانگەکانی 10، 11 و 12 چارەنووسی نادیارە، مامۆستا و فەرمانبەرانیش بارگرانیی زۆریان لەسەرشانە، بۆیە بایکۆت دەکرێت".
بڕیارە ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازی دامەزراو، نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست و فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای سلێمانی کۆببنەوە. دڵشاد میرانی دەڵێت: "بە ئەگەری زۆرەوە لە کۆبوونەوەکە بڕیاری بایکۆت و خۆپیشاندان دەدرێت".
هەر ئەمڕۆ ئاوات محەممەد، یەکێک لە نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سلمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیاری بایکۆت ناچارییە، مامۆستا هەیە دەڵێت کرێی هاتووچۆی پێ نییە، بایکۆتیش بکرێت سەرتاسەری نابێت".
هەروەها رێکەوت بەرزنجی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە شارەزوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بانگەواز کراوە لە شارەزوور، سلێمانی و هەڵەبجە رۆژی یەکشەممە بایکۆت دەستپێکات، ئەویش بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە".
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەنگۆی بایکۆت دژی دواکەوتنی مووچە هەیە، تاوەکو یەکشەممە دابەشکردنی مووچە رابگەیێندرێت، مامۆستایانیش بایکۆت ناکەن".
ساڵی رابردوو لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی ئەمساڵ درێژەی کێشا.