کوێستان محەممەد: لە دادگاکان رێگری لە جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی هەیە


رووداو دیجیتاڵ 

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لە پلانەکانی حکومەت و وەزارەتەکەی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و رایگەیاند: "ئەوەی تائێستا کراوە هەنگاوی باش بووە، بەڵام بەس نییە و هێشتا پێویستمان بە یاسای نوێ و هەمواری یاساکان هەیە." 
 
کوێستان محەممەد، کە رۆژی 28-11-2022 بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر کردبوو لە پانێڵێکدا رایگەیاند: "بەگوێرەی ئەو ئامارانەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویدەکاتەوە، تووندوتیژی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی مەترسیداردایە." 
 
کوێستان محەممەد پێیوایە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان پێویستیان بە پلانی کورتخایەن و درێژخایەن هەیە و جێبەجێکردنیشی بە تەنیا ئەرکی حکومەت نییە.
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت: "لە رابردوودا پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵیک هەنگاویان بە ئاراستەی کەمکردنەوەی تووندوتیژی ناوە، ساڵی 2008 پەرلەمانی کوردستان یاسای باری کەسێتی هەموارکردەوە و ساڵی 2011ش یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی پەسند کردووە. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەنجوومەنی خانمانی دروستکردووە کە ئەرکیان دانانی پلان و ستراتیژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی."
 
ساڵی 2007 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ دروستکرا، کە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان نووسینگەی هەیە، کە ئەرکیان بەدەمەوەچوونی کەیسەکان و پاراستنیان و دواجار رەوانەکردنیانە بۆ شەڵتەرەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی. هاوکات هێڵی گەرمی 116 کاراکراوە و هەرکەسێک تووندوتیژی بەرامبەر بکرێت، دەتوانێت پەیوەندی بەو هێڵەوە بکات. 
 
لەبارەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش، کوێستان محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "سێ شەڵتەری بەردەوام لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک هەیە و هاوکات شەڵتەرێکی 72 کاژێری لە گەرمیان هەیە و ئێستاش سەرقاڵی دامەزراندنی شەڵتەرێکی 72 کاژێرین لە راپەڕین و بەرنامەشمان ئەوەیە لە هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ شەڵتەری 72 کاژێری دابمەزرێنین." 
 
سەبارەت بە ئەرکی ئەو شەڵتەرە 72 کاژێرییانەش دەڵێت: "ئەم شەڵتەرانە بۆ ئەوەیە، ئەو کەیسانەی چارەسەرکردنیان ئەستەم نییە، لە ئیدارە سەربەخۆکانی خۆیاندا چارەسەریان بکەن، ئەگەریش چارەسەریان پێ نەکرا، کەیسەکە بگوازنەوە هەولێر و سلێمانی و دهۆک." 
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو هەنگاوانەی پەرلەمان و حکومەت بە هەنگاوی "گرنگ و رژد" ناودەبات و دەشڵێت: "بەڵام بەس نین بۆ ئەوەی رووبەڕووی تووندوتیژی ببینەوە، پێویستمان بە هەنگاوی زیاتر و جیددیتر و کاری زیاتر و بەیەکەوەیی هەیە، هێشتا زۆر یاسا ماوە پەرلەمانی کوردستان پەسندی بکات یان هەمواری بکاتەوە. هاوکات ئەرکی خۆیەتی چاودێری جێبەجێکردنی ئەو دوو یاسایە بکات کە خۆی پەسندی کردوون، واتا هەمواری یاسای باری کەسێتی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی کە تائێستاش لە دادگاکان رێگری هەیە لە جێبەجێبوونی ئەم یاسایانە." 
 
کوێستان محەممەد پێیوایە، "لەبری ئەوەی هەندێک بانگخوازی ئایینی کە هاندەرێکن بۆ تووندوتیژی"، دەبێ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی رێگە لەم هەڵمەتە بگرێت و خۆی بەشێک بێت لە هەڵمەتی بەگژداچوونەوەی تووندوتیژی. 
 
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەدەر لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، هەریەکە لە وەزارەتەکانی رۆشنبیری و پەروەردە و خوێندنی باڵا بە ئەرکدار دەزانێت بۆ کەمکردنەوەی تووندوتیژی و پەروەردەکردنی تاکی ناتووندوتیژ لە کۆمەڵگا.