شاندی حکومەت سەردانی پارتی کرد

رووداو - پیرمام

شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و لەگەڵ فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی و تیمێکی ئەو حیزبە کۆبووەوە. 

 

دوای کۆبوونەوەکە مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەجێندای سەردانەکە بۆ دروستکردنی یەکڕیزییە، هاوکات ئەو داواکارییانەی لەسەر مەسەلەی حکومەت هەن لەگەڵ ئەو کێشانەی رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بوونەتەوە، باسکران".

 

 

بڕیارە هەر ئەمڕۆ شاندی حکومەت جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد مەعسووم، سەرۆککۆماری عێراق، سەردانی حیزبەکانی شیوعی و زەحمەتکێشانیش بکات.



بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و تێپەڕاندنی قەیرانەکان، پێشتر شاندەکەی حکومەت سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانی کردبوو، بڕیارە سەردانی سەرجەم لایەنەکانیش بکات.

ئەو سەردانانە لەكاتێكدان كە لەدوای گشتپرسی و رووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەرەوە، ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ بەردەوامبوونی کابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەسەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی ‌و قوباد تاڵەبانی دەربڕیوە، تاوەکو هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح