ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری: مکوڕین لەسەر نەچوونە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، سەرکردایەتی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری داوە بەشداری لە پەرلەمانی کوردستان دا نەکات و ئەو بڕیارەش جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 28-10-2024 شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەری، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری داوە بەشداری لە پەرلەمان نەکەین، هیچ گۆڕانکارییەکیش لە بڕیارەکەدا نەکراوە و هەر ئەو بڕیارەش جێبەجێ دەکرێت."
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، "ئەگەر کۆمیسیۆنیش دەنگە حەقیقییەکانی کۆمەڵی بۆ گێڕاينەوە، ئەوساش بڕیار هەر لە دەسەڵاتی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەرییە."
رۆژی 26-10-2024 عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، "100% دڵنیابووینەوە لەوەی ساختەکاریی زۆر لە هەڵبژاردن کراوە، بۆیە ناچینە پەرلەمان."
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان گوتی، "دووبارە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەم هەڵبژاردنە، نیشانەی پرسیاری زۆری کەوتەسەر و خەڵک بەرەو بێهیوایی و نائومێدی رۆیشت."
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان سێ کورسیی بەدەستهێناوە. لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا 7 کورسی هەبوو.