شاندێکی باڵای حکومەت بۆ پرسی سەرژمێری گەیشتە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی سەرژمێریی گشتیی گەیشتنە بەغدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. دارا رەشید، وەزیری پلاندانانە و هەر یەک لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی ئەندامی شاندەکەن.
بەرپرسێک لە وەزارەتی پلاندانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندەکە گەیشتوونەتە بەغدا و بڕیارە لە چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکدا پرسی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکەن.
کارەکانی ژمارە لێدان و گەمارۆسازی سەرژمێریی گشتیی لە عێراق لە سەرەتای مانگی ئەیلول دەستپێکردووە و بڕیارە تاوەکو یەکی تشرینی دووەم بەردەوام بێت، لە هەرێمی کوردستانیش لە 1-10-2024 دەستیپێکردو تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
بڕیارە لە 20-11-2024 سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت.