بۆ یەکەم جار خزمەتگوزاریی 'ڤیزا دایرێکت' لە عێراق بەردەست دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

FIB کە بانکێکی دیجیتاڵی عێراقییە، بۆ یەکەمین جار خزمەتگوزاریی ڤیزا دایرێکتی بۆ بەکارهێنەرانی بەردەست خست، خزمەتگوزارییەکە ناردن و وەرگرتنی پارە لەنێوان تاکەکان لەسەر ئاستی نێوخۆ و جیهان ئاسان و خێرا دەکات.
 
دیاکۆ حەمە تاهیر، بەڕێوەبەری بەشی هەژمارە بازرگانیەکان لە FIB بە رووداوی گوت، "ئەو هەنگاوە کاریگەریێکی زۆری لە سەر جووڵەی بازار دەبێت بۆ کۆمپانیاکان یاخود تاکەکەسی، پێشتر کات و تێچووی زیاتر دەویست بۆ ناردنی پارە لە عێراقەوە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام FIB ئەم پرۆسەیەی ئاسان کردووە ئێستا لە ماڵەکەی خۆت کارەکە دەکرێت."
 
بەکارهێنەران و بەشداربووانی بانکی FIB لە بری سەردانیکردنی بانک و نووسینگەکانی ناردنی پارە، لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانیان کرداری ناردن یاخود وەرگرتنی پارە ئەنجام دەدەن. بە هەمان نرخی بانکی مەرکەزی دەتوانێت دینار بنێرێت و بەرامبەرەکەی بە دراوی ئەو وڵاتە کە لێیەتی وەریبگرێت.
 
یاسا ئەحمەد دەیەوێت بڕی یەک ملیۆن دینار بۆ هاورێیەکی لە بەریتانیا بنێرێت، ناو و ژمارەی کارتی هاوڕێکەی وەرگرتووە، تەنیا بە سێ هەنگاو کەمتر لە دوو خولەک کردارەکەی ئەنجام دا. بە تەنیا دە خولەکیش بڕە پارەکە گەیشتە دەستی هاورێکەی.
 
یاسا عزەددین، شارەزای ناردنی پارەیە باسی خزمەتگوزارییەکەی FIB دەکات و دەڵێت، "بە شێوە کۆنەکە ناردنی پارە ئاسان نەبوو دەبوو بچینە نووسینگەيەک، کات و پارەی زیاترمان دەڕۆیشت بەو مەرجەی ئەو وڵاتەی تۆ پارەکەت بۆ دەنارد دەبوو لق و بنکەی نووسینگەکە لەوێ هەبوایە، بەڵام ئێستا چۆن تۆ لە ماڵەوە کردارەکە دەکەیت ئەویش لە ماڵی خۆی پارەکەی پێدەگات."
 
ڤیزا دایرێکت، خزمەتگوزارییەکی پارەدانە، لەلایەن ڤیزاوە پێشکێش دەکرێت و رێگە دەدات راستەوخۆ پارە بۆ کارتی بانکی ڤیزا یان کارتی بانکی شایستەی وەرگر، بنێردرێت، کۆمپانیاکان و هەژماری تاکەکەسیش دەتوانن لە خزمەتگوزارییەکە سوودمەند بن.