یەکگرتووی ئیسلامی: بەشداریی لە کابینەی حکومەتی عێراق ناکەین

رووداو دیجیتاڵ

ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان کۆبووەوە و لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بڕیاریداوە بە بەشدارینەکردن و دەڵێت، "بەشداری لە کابینەی حکومەتی عێراق ناکەین و هاوکات خەبات و بەرگریکردن لە مافە رەواکانی گەلەکەمان بە ئەرکی خۆمان دەزانین".
 
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 28-10-2021 ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی کرد، له‌باره‌ی پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌ به‌غدا بڕیاریانداوە بە بەشدارینەکردن، هاوكات رایانگەیاندووە، "خه‌بات و به‌رگریكردن له‌ مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان به‌ ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین و نایبه‌ستینه‌وه‌ به‌ به‌شداربوون و وه‌رگرتنی شایسته‌ی هه‌ڵبژاردنی حیزبی خۆی له‌ حكومه‌تى ناوه‌ند".
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا لەبارەی گرانبوونی پێداویستییەکانی خەڵک قسە کراوە و "جەخت له‌سه‌ر ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌رانبه‌ر گرانبوونی بێ سنووری نرخی پێداویستییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هاووڵاتییان [کراوەتەوە]"، هەروەها یەکگرتوو پشتیوانیی خۆی بۆ مامۆستایانی وانه‌بێژ و فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست دەربڕیوە و داوایكردووە "هه‌رچی زووتره‌ حكومه‌تی هه‌رێم داوا ره‌واكانیان بۆ دامه‌زراندن جێبه‌جێ بكات".
 
له‌ ته‌وه‌رێكی دیکەی كۆبوونه‌وه‌کەدا ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان تاووتوێ کراوە و جه‌خ لەسەر "سیاسه‌تی نه‌گۆڕ و مه‌بده‌ئی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان [کراوەتەوە]، كه‌ داكۆكیكارێكی به‌هێزی پارێزگاریكردنه‌ له‌ پێگه‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردستان، هه‌روه‌ك گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووک و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێت، نوێنه‌ره‌كانیشی له‌ به‌غدا به‌رده‌وام له‌و بواره‌دا پێشه‌نگ بوون و به‌رگریكارێكی بوێر و دڵسۆزی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بوون، له‌ ئێستا و ئایینده‌شدا درێژه‌پێده‌ری هه‌مان رێباز و سیاسه‌تی نه‌گۆڕی یه‌كگرتوو ده‌بن".
 
 
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان لەبارەی ئەو دەنگدەرانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردووە، دەڵێت، "بەهۆی تووڕەیی و ناڕەزاییان بەرامبەر سیاسەتە نادروستەکانی لایەنەکانی دەسەڵات [بووە]".
 
رۆژی 10-10-2021 لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەچوو، دەنگدەران دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی 329 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. چوار بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان توانییان سەرکەوتن بۆ ئەنجوومەنەکە بەدەستبهێنن.