بەهۆی قوڕ و لیتەوە چوار پرۆژەی ئاو لە هەولێر وەستان
رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی قوڕ و لیتەوە چوار پرۆژەی ئاو لە سنووری پارێزگای هەولێر وەستاون.
مەسعود کاڕەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەهۆی ئەو باران و لافاوەی هەرێمی کوردستان و باکووری گرتووەتەوە، سەرچاوەکانی ئاوی کردووەتە قوڕ و لیتەیەکی زۆر و بەو هۆیەش چوار پرۆژەی ستراتیژی ئاو، کە (ئیفرازی یەکەم، دووەم و سێیەمە لە هەولێر) و پرۆژەی ئاوی شەقڵاوەیە وەستان".
لەبارەی هۆکاری وەستانی ئەو چوار پڕۆژەیەش، مەسعود کاڕەش گوتی: "لەبەرئەوەی ناتوانن لە ستاندەردی خۆیان زیاتر ئاو پاکبکەنەوە، ئێمەش ناتوانین ئاو بگەیێنینە هاونیشتمانیان کە شیاوی خواردنەوە نەبێت".
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ باسیشی لەوەکردووە، ئەگەر قوڕ و لیتەی سەرچاوەکانی ئاو نیشتەوە و تێپەڕی، درەنگانی ئەمشەو (دووشەممە 28-10-2018) وێستگەکانی ئاو ئیشیان پێدەکرێتەوە و ئاو دەگەیێنینە هاونیشتمانیان.
لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی بارانێکی بەلێزمە لە باشووری کوردستان بەتایبەتی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، لافاو لە چەند شوێنێک هەڵسا و لە سنووری چۆمان و بناری قەندیل و دەڤەری راپەڕین، هاونیشتمانیان زیانیان پێگەیشتووە.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن