قایمقامی خەلیفان: 95%ی پڕۆژەی جووتسایدی سپیلک - خەلیفان تەواو بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی قەزای خەلیفان دەڵێت، "یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان جووتسایدی سپیلک - خەلیفانە کە 95%ی کارەکانی تەواو بووە."
 
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024 مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پڕۆژەی جووتسایدی سپیلک - خەلیفان لە قۆناخەکانی کۆتاییدایە و 95%ی تەواو بووە.
 
مەغدید عەریف ئەحمەد گوتیشی، "تەنیا کەمێک کاری رێکخستن و هێڵکاری ماوە و مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ تەواو دەبێت."
 
بە گوتەی قایمقامی خەلیفان، "سەرەتا درێژیی رێگەکە 8 کیلۆمەتر بوو، بەڵام لەم دواییەدا دوو کیلۆمەتری دیکەی بۆ زیادکرا و بووە 10 کیلۆمەتر؛ تێچووەکەی 80 ملیار دینارە."
 
مەغدید عەریف دەڵێت، "ئەم ساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری تەندروستی، پەروەردە و رێگەوبان لە قەزای خەلیفان جێبەجێ کراون. تەنیا پڕۆژەکانی ئەم ساڵ لە قەزای خەلیفان تێچووەکەیان نزیکەی 6 ملیار دینار بوو."
 
پڕۆژەی جووتسایدی سپیلک - خەلیفان لە مانگی 9ی ساڵی 2022 کارکردن تێیدا دەستیپێکرد و دوو ساڵ بۆ تەواوکردنی دیاریکرابوو.