کەشناسێک: سەرەتای مانگی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پلەی گەرما بەراورد بە دوێنی نزم دەبێتەوە و ئاسمان ساماڵ دەبێت. کەشناسێک دەڵێت، لە سەرەتای مانگی داهاتوو ئەگەری شەپۆلێکی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان هەیە.
 
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلوولی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاسمان ساماڵ دەبێت، خێرایی با چالاک دەبێت و بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما 3 - 1 پلە دادەبەزێت."
 
هەروەها محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەمڕۆوە تاوەکو 3ی تشرینی یەکەم، پلەی گەرما تاوەکو 5 پلە دادەبەزێت، بەپێی پێشبینییەکان، لە سەرەتای مانگی داهاتوو شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بە تایبەتی سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی یەکشەممە 29ی ئەیلوولی 2024، "ئاسمان ساماڵ دەبێت، پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و ئەگەر هەیە خێرایی با چالاک بێت بۆ سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا، بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانی و کەرکووک و گەرمیان."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەم شێوە دەبێت:
 
هەولێر: 33 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 31 پلەی سیلیزی
دهۆک: 32 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 36 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 34 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 33 پلەی سیلیزی
سۆران: 31 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 18 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 38 پلەی سیلیزی