رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، رێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی عێراق هاوشێوەی نەبووە. دەشڵێت: "دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران ئەرکی سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە."
رۆژی چوارشەممە 27-09-2023، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د.خ) کە لە دهۆک بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد.
پشتیوان سادق گوتی: ''ئێمە لە کوردستان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د. خ) دەکەینەوە و لە هەمانکاتدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان کە لە سایەی ئەوانەوە، ئێستا بە ئارامی لەو ئاوەدانی و پێشکەوتنانەی کە لە کوردستاندا هەن، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) دەکەینەوە.''
بەگوتەی د. پشتیوان سادق، بەو شێوەیەی کە لە هەولێر، دهۆک و شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام کرایەوە، لە شارەکانی دیکەی عێراق هاوشێوەی نەبووە.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵدەدات بۆ ئەوەی "ژیانێکی خۆش و شەرەفمەندانە" بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست بکات.
د. پشتیوان سادق گوتی: "دابینکردنی ئارامی، سەقامگیری، کەرامەت و مووچەی فەرمانبەران ئەرکی سەرشانی ئێمەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو پێناوەدا خزمەتێکی زۆری کردووە، بەڵام زۆریشی ماوە کە بیکات."
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، حکومەتی عێراق یان دەسەڵاتدارانی بەغدا زۆرجار کێشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵک دەنێنەوە، "بەڵام بە خۆڕاگریی هەموومان پێکەوە، ئەو کێشانە کۆتاییان دێت و ئاسۆیەکی گەش و داهاتوویەکی باش بۆ خەڵکی کوردستان و هەرێمی کوردستان دەبینرێت."
ساڵانە لە 12ـی رەبیعولئەوەل کە رۆژی لەدایکبوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ)، موسڵمانان بە شێوەی جیاواز ئەو یادە دەکەنەوە و رێوڕەسمەکانی مەولوودیش لەنێو کورد بوونەتە شتێکی دانەبڕاو لە کولتوورەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ