راگەیێندراوی حیزبەکانی دیموکرات و کۆمەڵە لەبارەی هێرشی ئێران بۆسەر بارەگاکانیان
رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی سوپای پاسداران بۆسەر بنکە و بارەگاکانیان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەوان هەرگیز ناتوانن ئیرادەی رزگاری و ئازادییخوازیی ئێمە لە ناو ببەن." حیزبی کۆمەڵەش دەڵێت، بە "11 فڕۆکەی خۆتەقێنەوە" هێرشکراوەتە سەر بارەگاکانیان.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 28-09-2022 بڵاویکردووەتەوە، داوا دەکات کە خەڵك تووڕەیی خۆیان لە "شەقامەکانی کوردستاندا پێشان بدەن و جارێکیتر بیسەلمێنن کە ئەوەی ناتوانێ کوردستان بە چۆکدا بێنێ، هێرش و سەرکوتی داوا رەواکانمانە. ئیرادەی ئێوە چۆک بە هەموو دیکتاتۆرێک دادێنێ."
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئێران بۆردوومانی چەند بنکە و بارەگایەکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نەخۆشخانەکان ئامادەکارییان بۆ پێشوازی لە بریندارەکان کردووە و بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانیش، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 16 کەسیش بریندار بوون.
لە لایەکی دیکەوە سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باسی لەوە کردووە کە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئێرانەوە بۆسەر بارەگاکانیان، جگە لە زیانە مادییەکان، "دوو کەس لە هاوڕێیانی پێشمەرگە بریندارن کە چارەسەری سەرەتاییان بۆ کراوە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون."
بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆمەڵە، هێرشەکەی ئێران بۆسەر بارەگاکانیان بە "11 فڕۆکەی خۆتەقێنەوە" بووە و ناوەندی بارەگاکانیان کراوەتە ئامانج.