شاخەوان عەبدوڵڵا: سوودانی ئەمڕۆ فەرمانی خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نابێت بەهۆی نەبوونی بایۆمەتری یان هەبوونی هاوکاری چاودێریی کۆمەڵایەتیی مووچەی هیچ کەسێک ببڕدرێت.
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، حکومەتی عێراق بۆیە پارەی لە هەرێمی کوردستان بڕیوە پێیوابووە مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرکووک کە سەر بە میلاکی هەرێمی کوردستانن دوو مووچە لە هەردوو حکومەت هەیە.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "دوای تێگەیشتن، وەزیری دارایی عێراق گوتی، ئەمڕۆ نووسراو بۆ پەروەردەی کەرکووک دەنێرن بۆ مامۆستاکان و ئەو فەرمانبەرانەشی سەر بە هەرێمی کوردستانن، بۆ ئەوەی چاکبکرێنەوە".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پاساو بۆ بڕینی مووچەی ئەو کەسانەی کەرکووک هەیە کە لە هەرێمی کوردستان مووچەیان هەیە و لە کەرکووکیش هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن، ئەوە دەبێت هاوکارییەکەی ببڕدرێت نەک مووچەکەی.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەوەی بایۆمەتری نەکردووە نابێت مووچەی ببڕدرێت، چونکە مانای ئەوە نییە کەسەکە بوونی نییە. لە شەش مانگی رابردوودا نزیکەی 500 هەزار فەرمانبەر بایۆمەترییان کردووە و پرۆسەکەش بەردەوامە".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆککۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکان پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکرد، "لەگەڵ [محەممەد شیاع سوودانی] سەرۆکوەزیران قسەم کرد و ئەمڕۆ فەرمان دەکات بە خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت و هەفتەی داهاتووش مانگی هەشت".