پاسەوانی سنوور: بڕینی 100 هەزار دینار لە مووچەی ئەندامانی هێزەکەمان بۆ دابینکردنی خواردنە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پاسەوانی سنوور دەڵێت، هەموو مانگێک 100 هەزار دینار لە مووچەکەیان بۆ خواردن دەبڕدرێت. گوتەبێژەکەشیان دەڵێت، رێکارێکی کارگێڕی و یاساییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەندامێکی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور بە رووداوی گوت، "سەر بە حکومەتی عێراقین. پێشتر لە هەژمارەکەمان مانگانە 100 هەزارمان لێ دەبڕدرا بۆ خواردن. بەغدا خواردنەکەی بە دڵ نەبوو و ئێستا پارە نابڕێت، بەڵام ئەم مانگە پارەکەمان بە دەستی لێوەرگیرا".
ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقە و ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانە.
موقەدەم سامی ئیسماعیل، گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو مانگێک ئەو بڕە پارەیە بڕدراوە بۆ خواردن. بۆ مووچەی ئەم مانگە کێشەیەک لە لیستی ناوەکاندا هەبوو؛ بۆیە لە هەژمارەکەیان نەبڕدرا و دواتر بە دەستی لێیان وەرگیرا".
موقەدەم سامی دەڵێت، "وەرگرتنی پارەکە بە دەستی بە فەرمان و نووسراوی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە".
گوتەبێژی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور ئاماژەی بەوەشکرد، "هیچ کەسێک ناتوانێت پارە لە ئەندامانی پاسەوانی سنوور بە هیچ بیانوویەک ببڕێت. ئەوەی کراوە فەرمی و بۆ خواردنی خۆیانە. لە دەوامدا سێ ژەمە خواردنیان بۆ دابیندەکرێت".
زۆرینەی ئەندامانی پاسەوانی سنوور مانگانە 15 رۆژ لە ئەرکدان. سامی ئیسماعیل گوتی، "ئەو 15 رۆژەی دەوام دەکەن سێ ژەم خواردنیان بۆ ئامادە دەکرێت کە بەردەوام خواردنی جیاوازە، ئەوەش ئێستا و لە رابردووشدا لەسەر مووچەکەی خۆیان بووە".