کشتوکاڵی عێراق بۆ رووداو: سێ رۆژی داهاتوو کێشەی خەرجنەکردنی پارەی گەنم چارەسەر دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
38 رۆژە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان گەنمی جووتیارانیان وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق بڕێکی کەمی پارەی گەنمی ناردووە. وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، لە سێ رۆژی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەبێت.
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 06ـی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد و تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ـی تەمموز بوو گەنم وەرگیرا، بەڵام زیاتر لە مانگێکە هیچ بڕە پارەیەکی بۆ جووتیاران خەرج نەکردووە.
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ دیار نییە کەی بەغدا پارەی گەنم دەنێرێت".
حکومەتی عێراق بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردووە.
نەسرین ئەحمەد کە بەڕێوەبەری سەرجەم سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجەیە دەڵێت، بە نووسراوی فەرمیش داوای پارەی گەنمی جووتیارانی کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە.
ئەو پارەیەی تاوەکو ئەمڕۆ نێردراوە 28 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیاری بۆ هەولێر و 29 ملیار و 500 ملیۆنیشی بۆ جووتیارانی دهۆک بووە.
نازم محەممەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "پارەکە لە ئەستۆی بەغدایە بینێرێت، بەڵام بە فەرمی دیار نییە کەی بڕیاری خەرجکردنی دەدات".
نازم محەممەد گوتیشی، "دەنگۆیەک هەیە ئەمڕۆ یان سبەی بەغدا پارە خەرج بکات".
لە 21ـی تەمموزەوە حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکردووە.
کەمال موسلیم، وەزیری بارزگانیی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، وەزارەتی بازرگانی عێراق پێی گوتوون، بۆ خەرجکردنی پارە چاوەڕوانی رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن.
کەمال موسلیم گوتیشی، تەنیا پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نییە و پارەی گەنمی جووتیارانی موسڵ، کەرکووک و بەشێکی تکریتیش خەرج نەکراوە.
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەوبارەیەوە ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "لە سێ رۆژی داهاتوودا کێشەی پارەی گەنمی جووتیاران چارەسەر دەکرێت کە کێشەی جووتیارانی هەموو عێراقە، نەوەک تەنیا هەرێمی کوردستان".
بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراقی پێویستە.
حەیدەر نووری گەڕعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق 25ـی ئەم مانگە بە رووداوی، هەر کات وەزارەتی دارایی پارەیان بۆ خەرج بکات ئەوانیش بۆ هەرێمی کوردستانی خەرج دەکەن.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.