شەشەم بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

دابەشکردنی شەشەم بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. بریکارەکانی خۆراک داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکەکەیان.
 
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردنی بەشەخۆراک دەستیپێکردووە و بەردەوامە".
 
بەشەخۆراکی شەشەم بۆ هەر کەسێک ئەمانەیە: 9 کیلۆ ئارد، 3 کیلۆ برنج، کیلۆیەک شەکر، لیترێک رۆنی شل و کیلۆیەک نیسک. بڕی برنجەکە لە پێنجەم بەشەخۆراکدا دوو کیلۆ و نیو و نیسکەکەش نیو کیلۆ بوو.
 
هەر ئەمڕۆ غازی قادر، بریکاری دابەشکردنی خۆراک لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دابەشکردنی خۆراکمان دەستپێکردووە و دوو رۆژە هاونیشتمانییان سەردانمان دەکەن بۆ بردنی بەشەکەیان".
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.