ئەندامێکی تیمی بانگەشەی پزیشکیان: پێدانی پۆستی جێگری سەرۆککۆماری ئێران بە کوردێکی سوننە هەنگاوێکی گرنگە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی تیمی بانگەشەی سەرۆککۆماری ئێران پێدانی پۆستی جێگری سەرۆککۆمار بە کوردێک بە هەنگاوێکی گرنگ ناودەبات و دەڵێت، "پێدانی پۆستێکی باڵا بە کوردێکی سوننە مەزهەب، بۆ یەکەمجار دوای شۆڕشی ئێران، هەنگاوێکی گەورەیە".
 
مەسعود شەمسنەژاد ئاماژە بەوە دەکات، "پۆستی جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری پەرەپێدانی ژێرخانی گوندەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان لەم کابینەیەی حکومەتدا هەنگاوێک بەرزترکراوەتەوە؛ بۆیە گرنگە بۆ کورد و گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر".
 
رۆژی 26-8-2024 بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران عەبدولکەریم حوسێنزادە، پەرلەمانتاری نەغەدە و شنۆ کرایە جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری پەرەپێدانی ژێرخانی گوندەکان و ناوچە پەراوێزخراوەکان.
 
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پزیشکیان دروشمی ئەوەی هەبوو کە کابینەیەک پێکدەهێنێت تەواوی پێکهاتەکان تێیدا جێگەی ببێتەوە. 
 
لەبارەی ئەو هەنگاوەی سەرۆککۆماری ئێران، مەسعود شەمسنەژاد، پارێزەر و ئەندامی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی مەسعود پزیشکیان بە رووداوی گوت، "یەکێک لە بەڵێنەکانی مەسعود پزیشکیان بریتی بوو لە بەشداریپێکردنی سوننە و کورد لەنێو کابینەکەی. دانانی عەبدولکەریم حوسێنزادە سەلمێنەری ئەوەیە کە پزیشکیان خەریکە دروشمەکانی کابینەکەی جێبەجێ دەکات".
 
 مەسعود شەمسنەژاد گوتیشی، "هەرگیز لە هیچ حکومەتێکی ئێراندا کوردێکی سوننە مەزهەب ئەو پۆستە باڵایەی پێنەدراوە کە ئێستا پێی دراوە. سەرۆککۆمارەکانی پێشوو هەموویان بەڵێنیان بە کورد و سوننە مەزهەبەکان دەدا، بەڵام ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەدەکران". 
 
عەبدولکەریم حوسێنزادە ساڵی 1980 لە نەغەدە لەدایکبووە، بڕوانامەی ماستەری هەیە و بە سیاسەتڤانێکی ریفۆرمخواز و میانڕۆ ناسراوە. 
 
عەبدولکەریم حوسێنزادە لە 2012 تاوەکو 2020 پەرلەمانتاری نەغەدە و شنۆ بووە و لەو ماوەیەدا سەرۆکی فراکسیۆنی (مافی هاووڵاتیبوون) و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ریفۆرمخوازان بووە و بۆ ئەم خولەی پەرلەمانیش وەک نوێنەری نەغەدە و شنۆ هەڵبژێردرایەوە.
 
 حوسێنزادە پێشتر بە یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دادەنرا، بەڵام لە لیستی کۆتاییدا نەبوو. بە گوتەی شەمسنەژاد، "زۆر کوردی شیعە مەزهەب پۆستی ئەمنی و باڵایان هەیە، بەڵام کوردی سوننە مەزهەب پۆستیان نەبووە. دانانی عەبدولکەریم حوسێنزادە لە 45 ساڵی رابردوودا هەنگاوێکی دەگمەنە و یەکەمجارە ئەوە لە ئێران روودەدات. حوسێنزادە کوردێکی ریفۆرمخوازە و کەسێکی باشە. هیوادارم دانانی هەنگاوێک بێت بۆ رێگەخۆشکردنی بەدەستهێنانی مافەکانی کورد".
 
ئەو ئەندامەی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پزیشکیان بە رووداوی گوت، "پزیشکیان دەستی بە کۆمەڵێک گۆڕانکاری و چاکسازی کردووە. بۆ نموونە، لە رۆژانی رابردوودا کەسێکی نێو حکومەت لەبارەی مردنی ژینا ئەمینی و ناڕەزایەتییەکانی بە بێڕێزی قسەی کردبوو. ئەو کەسە بە رەزامەندیی پزیشکیان لە کارەکەی دوورخرایەوە؛ بۆیە وا چاوەرێ دەکرێت، پزیشکیان لە بەڕێوەبردنی حکومەتەکەیدا جیاواز بێت لەوانەی پێش خۆی".
 
دوای دانانی عەبدولکەریم حوسێنزادە، رەخنەی ئەوە گیرا کە ئەو پۆستەی پێیدراوە، پۆستێکی رەمزییە و دەسەڵاتی ئەوتۆی نییە، بەڵکو تەنیا بۆ رازیکردنی کوردە، بەڵام مەسعود شەمسنەژاد پێیوایە "ئەو پۆستەی دراوەتە کورد پۆستی یاریدەدەری جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران بوو، بەڵام ئێستا پۆستەکە بەرزکراوەتەوە و وەک جێگری سەرۆککۆماری ئێران ناسێنراوە. یەکەمجارە پۆستەکە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، بۆیە ئەو پۆستە ئێستا گرنگە. پێم وایە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا بودجەیەکی باش دەخرێتە بەردەمی و بۆیە بڕوام وایە بەپێی ئەزموون و شارەزایی و کەسایەتی، حوسێنزادە دەتوانێت پێشخستنی بەرچاو" بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دابینبکات.