هێمن هەورامی: هەفتەی داهاتوو لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە و دەشڵێت، "چاوەڕێی رێککەوتنی سیاسیی لایەنە سیاسییەکان دەکەین بۆئەوەی پێداویستییە یاساییەکانی لە پەرلەمان بۆ دابینبکرێت."
 
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی ئاشکرا کرد، کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 1ی ئەیلوولی 2022 دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە.
 
هەفتەی پێشوو دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "ئەوەی لە بەرنامەی کار دەبێت گوتەی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانە لەگەڵ گوتەی سەرۆک فراکسیۆنەکان بۆ خستنەڕووی روانگەی فراکسیۆنەکانیان و لایەنە سیاسییەکانیان لەسەر دۆخی ناو پەرلەمانی کوردستان، دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەو بابەتانەی لە پێشمانن بابەتی هەڵبژاردن، وادەی پەرلەمان، بابەتی دەستوور و زۆر لەو بابەتانەی هەر لایەن و فراکسیۆنێک لە گۆشەنیگای خۆیەوە دەیکات."
 
خاڵێکی دیکەی گرنگ بە گوتەی هێمن هەورامی ئەوەیە، لە ماوەی ئەو یەک دوو مانگەی رابردوو پرۆژەیاسایەکیان لە حکومەتەوە بۆ چووە کە پرۆژەیەکی "یەکجار گرنگە" و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت، دەشڵێت، "پرۆژەی هەمواری یاسای ئەنجوومەنی شوورامان بۆ هاتووە، ئەویش خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت. لە هەفتەی ئایندەوە کۆمەڵێک پرۆژە یاسا کە پێشتر راپۆرتەکانیان لەو ماوەیە لەسەر ئامادە کراوە و تەواوکراون بە سوپاسەوە، ئەوانیش دەخەینە بەرنامەی کار بۆئەوەی خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکرێت. لەوانە یاسای پەروەردە، یاسای تووندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان و هەموارکردنەوەی یاساکە."
 
سەبارەت بە بابەتی درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمانیش، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وادەکەی پەیوەست کرد بە رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان و ئەو ماوەیەی کە کۆمیسیۆن لەبەردەستی دەبێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەڵێت، "بەداخەوە پێموابێت ئەمە کارێکی زۆر نەشیاو بوو بۆ هەرێمی کوردستان کە نەتوانرا هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەهۆی ئەو ناکۆکی و جیاوازییەی لە بیروبۆچوون لەسەر یاسای هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن و هەموارکردنەوەی یاساکە هەبوو. دووپاتی دەکەینەوە کە چاوەڕێی رێککەوتنی سیاسیی لایەنە سیاسییەکان دەکەین، بڕیارە لە هەفتەی ئایندەدا کۆبوونەوەیەکی دیکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بکرێت."
 
رۆژی 10ی ئابی 2022 بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە.
 
لەبارەی ئەو رێککەوتنەی لایەنە سیاسییەکان دەیکەن، هێمن هەورامی گوتی، "دەبێت پێویستییە یاساییەکەی لە پەرلەمانەوە بۆ جێبەجێ بکەین. ئەگەر لە هەفتەی ئایندە لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن رێکبکەون، بەلایەنی کەم لە پەرلەمانی کوردستان ماوەی دوو سێ هەفتەی دیکەی دەوێت بۆئەوەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و سێیەمی بۆ بکرێت و دەنگدانی لەسەر بکرێت، دوای ئەوەش کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش کارا بکەینەوە. کۆمیسیۆن بەلایەنی کەمەوە شەش مانگی دەوێت بۆئەوەی هەڵبژاردنەکە بکات، کەواتە ئێمە ئەگەر لە 1ی 10وە ئەژماری بکەین، واتە تاوەکو مانگی 4ی ساڵی ئایندە کۆمیسیۆن کاتی دەوێت بۆئەوەی هەڵبژاردنەکان بکات."
 
ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە 06-11-2022 کۆتایی دێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن دوای ئەو وادەیە پەرلەمان پەکی بکەوێت و "هەر لایەنێکی سیاسی جیددی بێت لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەکان بکرێت، دەبێت هاوکار و پشتیوان بێت لەوەی وادەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەندە درێژ بکرێتەوە بۆئەوەی هەڵبژاردنەکەی پێ بکرێت، واتە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان تەنیا بۆ ئەوەیە بتوانێت لەو ماوەیەی کە کۆمیسیۆن پێویستیەتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و تووشی بۆشایی دەستووری نەبین."