حکومەت زەوی دەداتە فەرمانبەران و خانەنشینانی سنووری مادەی 140
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیێنێت، زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دابەش دەکات.
ئەو ناوچانە بە ناوچەکانی سنووری مادەی 140یش ناسراون. بەپێی وەزارەتی شارەوانی بێت، دابەشکردنەکە لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە نووسراویان ئاراستەی گشت وەزارەت و دەستە و فەرمانگە و دامودەزگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە.
زەوییەکە بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەیە کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانن بەڵام هەڵگری کارتی زانیاریی ناوچەکانی مادەی 140ـی دەستوور و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.
وەزارەتی شارەوانی داوای کردووە لیستی ناوی ئەو کەسانەیان بۆ بەرزبکرێتەوە و دواتر خۆیان شوێنی وەرگرتنی زەوییان لە نزیکترین شوێنی نیشتەجێبوون یان زەویی بەردەست بۆ دەستنیشان دەکات.
وەزارەتی شارەوانی داوای کردووە لیستی ناوی ئەو کەسانەیان بۆ بەرزبکرێتەوە و دواتر خۆیان شوێنی وەرگرتنی زەوییان لە نزیکترین شوێنی نیشتەجێبوون یان زەویی بەردەست بۆ دەستنیشان دەکات.
مەرجەکان:
پێدانی زەوی بەو فەرمانبەر و خانەنشینانە لەگەڵ هەڵمەتی پێدانی زەوییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە و چووە جێبەجێکردنەوە.
لە چەند شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان فۆڕمی دابەشکردنی زەوی دراوەتە فەرمانبەران و تێیدا ئاماژە بە خاڵەکانی پڕکردنەوەی کراوە کە بەمشێوەیەیە:
- ناوی چواری داواکاری زەوی (فەرمانبەرەکە)
- ناوی چواری دایک
- شوێنی نیشتەجێبوون بە گوێرەی کارتی زانیاری
-شوێنی لەدایکبوون
- باری خێزانی
- ژمارەی ئەندامانی خێزان
- ئەو فەرمانگەیەی کاری لێ دەکات
- ژمارەی ساڵەکانی راژەی بە نووسین و بە ژمارە
- پشتگیریی بەردەوامبوون لە راژەکەی
- ناوی هاوژین و منداڵەکانی.
22ـی ئەم مانگە، ئاوات دەباخ، گوتەبێژی شارەوانییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت، فۆڕمیان دابەشکردووە و لە سنووری شارەوانییەکانی سلێمانی 45 شارەوانی هەن و هەر شارەوانییەک لای خۆیەوە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادەکردووە؛ گوتیشی: "بەگشتی لە سنووری ئێمەدا نزیکەی 32 هەزار کەس لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن".
هەمان رۆژ دیار بەحری، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی دهۆک و بەرپرسێکی باڵا لە هەولێر بە رووداوی گوت، سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دەستکردن بە دابەشکردنی زەوی.
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی وەرگرتنی زەوی سوودمەندنەبوونی پێشتری فەرمانبەرەکەیە و دەبێت بەڵێننامەش پڕبکاتەوە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێت.
لە پڕکردنەوەی فۆڕمی وەرگرتنی زەویدا دەبێت رەچاوی ئەم خاڵانە بکرێت:
- فۆرم پێویستە بە 3 نووسخەی دەستنووس پڕ بکرێتەوە و بۆ لیژنەکە بگەڕێندرێتەوە.
- کۆپی رەنگاوڕەنگی کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی هاوپێچ بکرێت لەگەڵی.
رێکارەکانی پێدانی زەوی لە پێنج مادە پێکهاتووە، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو قەزاکان 3 هەزار دینار دەبێت
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو ناحیەکان 2 هەزار دینار دەبێت
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بەنرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی لەدایکبوون.