دادگەی گەرمیان کۆمپانیایەک ناچار دەکات مووچەی کرێکارەکانی خەرج بکات

رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیایەک زیاتر لە حەوت مانگ مووچەی یەک مانگی 45 کرێکاری لە گەرمیان دواخست، بەڵام دوای سکاڵایەک، مووچەکەیان بۆ گەڕایەوە. یەکێک لە کرێکاران دەڵێت، دڵخۆشم مووچەکەم وەرگرتەوە، تەنیا هەزار دینار لە جزدانەکەمدا بوو.'' 
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28-07-2024) 45 کرێکار مووچەی یەک مانگیان، کە لە مانگی 12ـی ساڵی رابردووەوە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە راگیرابوو، لە رێگەی سکاڵایەکەوە وەرگرت.
 
ئەو کرێکارانە سکاڵایان لە لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکاراکانی کوردستان تۆمار کردبوو، لە رێگەی بەشی یاسایی سەندیکاکەوە توانرا ئەو مافەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
 
گوڵستان، نوێنەری یاسایی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ''دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە مووچەی مانگی 12ـی ساڵی 2023ـی ئەو کرێکارانە دەستی بەسەردا گیراوە، سکاڵایەکمان دژی کۆمپانیاکە جووڵاند.''
 
ئەو نوێنەرە یاساییەی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوت ''بە بانگهێشتکردنیان بۆ دادگە، توانیمان مووچەی 45 کرێکارەکان بگەڕێنینەوە کە 13 ملیۆن و 500 هەزار دینار بوو.''
 
کرێکاران لە هەردوو رەگەزی ژن و پیاون و کاریان پاککردنەوەی زانکۆی گەرمیان بووە، یەکێک لە کرێکاران بە ناوی نەجیبە بە رووداوی گوت ''دڵخۆشم پارەکەمان بۆ گەڕایەوە، ئێستا تەنیا هەزار دینار لەنێو جزدانەکەمدا هەیە، پیاوەکەشم کەمئەندامە، هەمووی بۆ دکتۆر و دانەوەی قەرزە.''
 
مووچەی هەر کرێکارێک 300 هەزار دینارە و مووچەی مانگی 12ـی ساڵی 2023ـیە. ئەو کرێکارە گوتیشی ''ئەو کاتەی کارەکە تەواو دەبێت پارەکەت پێ بدرێت خۆشە، بەڵام ئێستا دوای حەوت مانگ پێماندەدرێت.''