وەزارەتی کشتوکاڵ: رۆژانە نزیکەی 40 تۆن هەنجیری نێوخۆ دەخرێتە بازاڕەکانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمی هەنجیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکاندایە و کیلۆیەک هەنجیری باش بە نزیکەی سێ هەزار دینار دەگاتە دەست خەڵک. وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، بەرهەمی ساڵانەی هەنجیری هەرێمی کوردستان دەگاتە 25 هەزار تۆن.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی حەوتەوە هەنجیر پێدەگات و تاوەکو سەرەتای مانگی نۆ بەرهەمی دەبێت. رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28-7-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەرهەمی هەنجیر رۆژانە نزیکەی 40 تۆنە و دابەشی بازاڕەکان دەکرێت."
کەشوهەوای تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ پێگەیشتنی هەنجیر لەبارە، بەڵام هەنجیری ئاکرێ، تەقتەق، هەورامان، فەیاڵ (گوندێکە لە سلێمانی)، شەقڵاوە و هەڵشۆ، بیتوێن و چەند ناوچەیەکی دیکە بەنێوبانگن.
وەرزی پێگەیشتنی هەنجیر کورتە، رزگار حەمەد گوتی، لەو ماوەیەدا کە بەرهەمی هەنجیر هەیە بە گشتی نزیکەی 25 هەزار تۆن بەرهەمی نێوخۆ هەیە.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، چەند جۆرێک هەنجیر لە عەلوەدا هەن و کواڵێتی باش بە کۆ، کیلۆی لەنێوان 2000 بۆ 2500 دینارە. گوتیشی "هەنجیری هاوردەکراوی تورکیاش هەیە، زۆریش باش نییە، کیلۆی بە 5 هەزار دینارە."
بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، "باشترین و زۆرترین" هەنجیری عەلوەکەیان هەنجیری شارۆچکەی تەقتەقە و زۆرترین خواستیشی لەسەرە.
بۆ ساخکردنەوەی هەنجیری خۆماڵی، وەزارەتی کشتوکاڵ لە سەرەتای تەمموزەوە تاوەکو ناوەڕاستی ئەیلوول 600 دینار باج لەسەر یەک کیلۆ هەنجیری هاوردە دادەنێت.
هەنجیر لە هەرێمی کوردستان جگە لەوەی وەکو میوە خواستی زۆری لەسەرە، وشک دەکرێتەوە و دەکرێتە مرەباش.