ئەو خانەنشینە پلەباڵایانەی دۆسیەکانیان کێشەی هەیە، مووچەکانیان دەبڕدرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونە بە خانەنشینیی پلەباڵاکان دەکات و داوایلێکردوون تاوەکو فۆرمی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵا پڕ بکەنەوە؛ ئەوانەشی فۆڕمەکانیان نەگەڕاندووەتەوە مووچەکانیان دەبڕدرێت
 
وەزارەتی دارایی بڕیاریداوە لە مانگی داهاتووەوە مووچەی خانەنشینی ئەو کەسانە ببڕێت کە دۆسییەکانیان تەواو نییە و فۆڕمی تایبەتیان پڕ نەکردووەتەوە. لیژنەی دەستپاکی پێشبیندەکات لە دوای رێکخستنەوەی مووچەی خانەنشینیی پلە باڵاکان مانگانە دوو ملیار و نیو بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێتەوە. 
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەزار و 900 خانەنشینی پلەباڵا هەیە کە هەزار و 400 کەسیان لەسەر داوای حیزبەکان خانەنشین کراون و بەشێکیان شایستە نین. 
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی بڕیاردراوە، خانەنشینانی پلەباڵاکان ئەم مانگە مووچەیان بەبی لێبڕین پێ بدرێت، بەڵام ئەوانەی فۆرمەکان نەگەڕێننەوە و کێشەکەیان دیاری نەکرێت، مووچەکانیان دەبڕدرێت.
 
سەعید مستەفا، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، تەنیا لە مووچەی خانەنشینیی پلەباڵاکان دوو ملیار و 500  ملیۆن دینار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت. لە مووچەی خانەنشینی هەر پەرلەمانتارێکیش ملیۆنێک بۆ ملیۆنێك و 500 هەزار دینار دەگەڕێتەوە.
 
نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆکی پێشووی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: نزیکەی 430 پەرلەمانتار خانەنشین کراون، بەشێکیان بوونەتە وەزیر و نزیکەی 70 کەسیان لە ژیاندا نەماون.
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، زیاتر لە هەزار و 430 کەس بە پلەی باڵا لەسەر داواکاری حیزبەکان خانەنشین کراون، بەشێکیان شایستە نین، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەکان پاڵپشتیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بکەن.
 
بەپێی ئاماری خانەنشینی هەرێمی کوردستان، لە کۆی 189 کەسی خانەنشینکراو بە پلەی وەزیر، وردبینی لە دۆسیە 183یاندا کراوە، 33یان هیچ کێشەیەک لە خانەنشینیان نییە، نزیکەی 13شیان مەرجەکانی خانەنشینی نایانگرێتەوە.
 
هەروەها لە کۆی 342 کەس کە بە پلەی راوێژکار خانەنشینکراون، 177یان دۆسیەکەیان بێ کێشەن. 154یان خزمەتی تەواویان بۆ خانەنشینبوون نییە، لە 771 بەڕێوەبەری گشتیش 447ـیان خزمەتی تەواوی خانەنشینبوونیان نییە.
 
بەگشتی لە هەرێمی کوردستان 246 هەزار کەس مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، کە 91 هەزاریان خانەنشینی سەربازین، لەنێویاندا زیاتر لە هەزار و 900 کەس بە پلەی وەزیر، راوێژکار، پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینکراون. 
 
یاسای ژمارە 2ی چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، ماددەکانی 7 و 9ی پەیوەندارە بە خانەنشینی پلە باڵاکان، لە 1ی تەممووزی 2020 کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.