پۆلیسی هەولێر: لیوا موحسین خۆی کوشتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، گیانلەدەستدانی لیوا موحسین محەممەد رەشید لە شاری هەولێر "خۆکوژی" بووە. وەزارەتی پێشمەرگەش بڵاویکردەوە، ئەفسەرەکەیان لە بواری پزیشکیدا لە شەڕی دژی داعش خزمەتی زۆری پێشمەرگەی کردووە.
هەینی 28-06-2024 تەرمی لیوا موحسین محەممەد رەشید، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە نزیک پڕۆژەی نیشتەجێبوونی سڵاڤا سیتی لە شاری هەولێر دۆزرایەوە. لە راگەیێندراوەکەدا پۆلیسی هەولێر دەڵێت، کاژێر 04:30ـی ئێوارە تیمەکانی بەڵگە و تاوان تیمی کامێراکانی چاودێری چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە.
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسیدا هاتووە: "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دوای گەیاندنی تەرمەکه بۆ پزیشكی دادی، دەرکەوت کە هاوڵاتییەک به ناوی موحسن محەممەد رەشید، ئەفسەره به پلەی لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە چەكی كڵاشینکۆڤ كۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه، کە به تەنیا بووە لەنێو ئۆتۆمبێلە تایبەتەكەی خۆیدا".
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراویکدا رایگەیاند، "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی لیوا موحسن محەممەد رەشید، بەڕێوەبەری پێشووی کاروباری پزیشکی وەزارەتی پێشمەرگە رادەگەیێنین، کە بەهۆی کارەساتێکی نەخوازراو و دڵتەزێنەوە گیانی لە دەستداوە".
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، چۆنییەتی رووداوەکە بۆ لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکان جێدێڵن. راشیگەیاندووە: "لیوا موحسین محەممەد، ئەفسەرێکی دڵسۆز و خەمخۆر بوو لە بواری پزیشکی سەربازی و خزمەتێکی زۆری بەهێزی پێشمەرگە گەیاندووە، بەتایبەت لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش رۆڵی بەرچاوی هەبوو".
لیوا موحسین محەممەد، هاوژینی ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە پەرلەمانی عێراق. دوای رووداوەکە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بە رووداوی گوت، "جارێ نازانین چۆن روویداوە و چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانین".