نەریتە جیاوازەکانی جەژن لە بەرواری باڵا؛ کۆبوونەوە لە ماڵێک و گەڕانی موسڵمان و مەسیحی بەیەکەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە گوندی هرووری دەڤەری بەرواری باڵا، وەکو نەریتی باب و باپیرانیان ئەم جەژنەش گوندنشینان لە ماڵێکی گوندەکە کۆبوونەوە و بەیەکەوە ژەمی بەیانییان خوارد.
 
ژەمی بەیانیی جەژنی قوربانی گوندەکە پێکهاتبوو لە قەلی، نیسک، پەتاتە و بەرهەمەکانی شیرەمەنی.
 
رێبەر رووشدی، فەرمانبەر و خەڵکی گوندەکە باسی ئەوە دەکات ئەو جۆرە میوانداریکردنە هەرجارە و لە ماڵی کەسێک دەبێت، دەڵێ "ئەمجارەیان لە ماڵی مام مەکیی هرووری بوو، ئەوەش نیشانی دەدات کە گوندی هروور، گوندێکی یەکگرتووە و ئارامیی گوندەکە چەند گرنگە".
 
دوای ژەمی بەیانی، گوندنشینان بەیەکەوە هاوشێوەی باب و باپیرانیان بە گوتنەوەی گۆرانیی فۆلکلۆری و کەیفخۆشییەوە، ماڵ بە ماڵ گەڕان و جەژنەپیرۆزەیان لە یەکدی کرد.
  
جەعفەر عەلی، پێشمەرگەی خانەنشینە و خەڵکی گوندەکەیە، بەمشێوەیە باسی جەژنی کاتی گەنجیی خۆی لە گوندەکە دەکات و دەڵێ "لێرە 20 سەربان هەبوون، ئێمە لەو سەربانانە شاییمان دەکرد... هەتاوەکو پێش بەرەبەیان شایی و کەیفمان دەکرد".
 
مەسیحی و موسڵمان جەژنە پیرۆزە لە یەکدی دەکەن 
 
لە گوندێکی دیکەی دەڤەری بەرواری باڵا بەناوی گوندی بازێ، جیاواز لە گوندەکانی دیکە موسڵمان و مەسیحی بەیەکەوە دەژین، هەردوو پێکهاتەی ئایینی گوندەکە ماڵ بە ماڵی دانیشتووە موسڵمانەکانی گوندەکە بەسەردەکەنەوە و جەژنەپیرۆزەیان لێ دەکەن.
 
حەسەن سەعید، جووتیارێکی گوندەکەیە و دەڵێ "لە گوندەکەمان پەیڕەوانی دوو ئایین هەن؛ موسڵمان و مەسیحی، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ یەکدیدا نییە، جەژن بێت دەچینە سەردانی یەکتر، پرسە بێت هەر بەیەکەوەین. ئایینیشمان جیایە، ئەوان دەچنە دێر و ئێمە دەچینە مزگەوت".
 
هاونیشتمانییەکی مەسیحیی گوندەکە بەناوی ئەدیب یوسف باس لەوە دەکات "هەموو جەژنێک ئێمە لەگەڵ برا موسڵمانەکانمان دەگەڕێین، ئەوانیش بەهەمان شێوە لە جەژندا ماڵ بە ماڵمان بەسەردەکەنەوە".