بەهۆی تۆپبارانی تورکیاوە هێڵی کارەبای گوندی هروور پچڕا

 
رووداو - دھۆک

هێڵی کارەبای 11 کەی ڤیی گوندی هروور لە ملێ چەپەرا لەسەر رێگەی بازیڤ بۆ هروور بەهۆی تۆپبارانی تورکیا دژی گەریلاکانی پەکەکە پچڕاوە، ئەمەش سێیەم جارە لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی چڕنووکی هەورەتریشقە ئەو هێڵە بپچڕێت.
 
حیکمەت ئیسماعیل، بەرپرسی بنکەی چاککردنەوەی کارەبای کانی ماسێ بە رووداوی راگەیاند، نزیکی کاژێر 08:00ی ئێوارە تۆپێک بەر هێڵی کارەبای گوندی هروور کەوتووە و بەهۆیەوە هێڵەکە پچڕاوە.
 
بەرپرسی بنکەی چاککردنەوەی کارەبای کانی ماسێ ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی مەترسیی تۆپبارانەوە، "ئێستا تیمەکانمان ناتوانن بچنە شوێنەکە بۆ چاککردنی هێڵەکە و نازانین چەند زیان بەر هێڵەکە کەوتووە، بەڵام بەیانی تیمێک دەنێرین بۆ چارەسەرکردنی".
 
ئەیاد هرووری، دانیشتووی گوندەکەیە و بە رووداوی راگەیاند، "لە ئێوارەوە سوپای تورکیا چەند جارێک سەر رێگەی هرووریان تۆپباران کردووە و چەند پارچە تۆپێک کەوتوونەتە سەر رێگەی سەرەکیی گوندەکە، کە هاتووچۆی رۆژانەی خەڵکی لەسەرە".
 
گوندی هروور یەکێکە لە ئاوەدانترین گوندەکانی سنووری ناحیەی کانی ماسێ کە 50 ماڵ تێیدا دەژین و بە قووڵیی هەشت کیلۆمەتر دەکەوێتە ناوجەرگەی ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەورەتریشقە.
 
سوپای تورکیا لە 23ی مانگی نیسان ئۆپەراسیۆنی چڕنوکی ھەورەبروسکەی لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بەھۆیەوە پێنج گوند چۆڵکراون و 11 بنکەی سەربازیی نوێ لە سنوورەکە داناوە.