باڵیۆزی فیلیپین: خوازیارین سوود لە ئەزموونی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی وەربگرین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازیى لە جینۆرۆسۆ کالۆنج، باڵیۆزى فیلیپین کرد. باڵیۆزی فیلیپین رایگەیاند، خوازیارن سوود لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی وەربگرن.
 
رۆژی دووشەممە 28-06-2021 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازیى لە جینۆرۆسۆ کالۆنج، باڵیۆزى فیلیپین لە عێراق کرد. لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ فیلیپین، دۆخى رەوەند و دەستى کارى فیلیپینى لە هەرێمى کوردستان، هەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و تووندڕەوى، پرۆسەى کوتان بە ڤاکسین و لێکەوتەکانى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا، بەتایبەتى لەڕووى ئابوورییەوە، تاوتوێ کران.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕا بوون کە "بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و بیرى تووندڕەوى و تووندوتیژى تەنیا لەڕێگەى سەربازییەوە ناکرێت، بەڵکو دەبێت وڵاتان لەڕووى پەروەردەیى و کولتوورییەوە بەرەنگارى ببنەوە و ئەو زەمینەیە بکرێتە ئامانج کە بیرى تووندڕەوى و تووندوتیژى و هاندانى تیرۆرى تێدا دەکرێت، هەروەها هانى ناتووندوتیژى و لێبوردەیى بدرێت".
 
باڵیۆزى فیلیپین ئاماژەى بە هەوڵەکانى وڵاتەکەى بۆ بەرەنگاربوونەوەى بیرى تووندڕەوى و تیرۆر کرد و دووپاتىکردەوە "وڵاتەکەى خوازیارە سوود لە ئەزموونى هەرێمى کوردستان بۆ چۆنێتیى بەرەنگاربوونەوەى تووندڕەوى و تیرۆر وەربگرێت".
 
چۆنێتیى برەودان بە هاریکارى و هاوبەشى و بوارە جیاجیاکانى پەیوەندیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ فیلیپین، تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوو.