پێشمەرگەیەک: 250 دینار لە گیرفانم نییە و دەبێت بچمەوە بۆ دەوامیش

 
رووداو - هەولێر

خەریکە 60 رۆژ تێدەپەڕێت و پێشمەرگەیەک کە 12 ساڵە کار دەکات، مووچەی مانگانەی وەرنەگرتووە. ئەو پێشمەرگە خێزاندارە و منداڵێک و دایک و دوو خوشکیشی لەگەڵن، مووچەی مانگانەی 627 هەزار دینارە، 10 رۆژ لە ئەرک و 20 رۆژ لە ماڵە.
 
پیشمەرگەکە دەڵێت، "یەکشەممە کە دەکاتە 2ی حوزەیران، دەوامم هەیە بۆ ماوەی 10 رۆژ؛ 250 لە بەرکم (گیرفانم) نییە کە پێی بچمە دەوام، یاخود لە ماڵەوە شتێک جێبهێڵم، ئاوا چۆن دەبێت ئاخر؟"
 
لەنزیک ماڵی پێشمەرگەکە، مارکێتێک هەیە، سێ دەفتەری قەرزی هەن، زۆربەیان مووچەخۆر و نیوەی دەفتەری قەرزەکان ماڵە پێشمەرگەن.
 
سێیەمین مانگە عێراق مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی دیکە جیاکردووەتەوە و لەکاتی خۆیدا ناینێرێت.
 
رووداو زانیویەتی، رەنگە لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا بەغدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بنێرێت، لە کاتێکدا بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دەبێت مووچەکانیان هاوتا بکرێت لەگەڵ مووچەی سەربازی و ئەمنیی عێراق.
 
دکتۆر بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق هەیە لەسەر شێواز و کاتی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، بە هەرێمی کوردستانەوە، کە دەبێت لە هەموو مافەکان یەکسان بن، نابێت جیاوازی هەبێت و سەرۆکی دادگا خۆی گوتی: کەسێک کە لە دامەزراوەیەکی ئەمنی و سەربازیی هەرێمی کوردستان کار دەکات، دەبێت هەمان ماف و ئیمتیازی کەسەکەی عێراقی هەبێت."
 
بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، كێشەیەك لە وردبینیی لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان نەماوە و چاوەڕوانی تەمویلی مووچەن و لەم هەفتەیە تێپەڕ ناکات.