لیستى مووچەى مانگى 5 رەوانەى بەغدا دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مانگى ئایارى مووچەخۆران بێ پلە بەرزکردنەوە دەنێرێتە بەغدا؛ بڕى پارەکە نزیکەى 970 ملیار دینارە.
 
بەگوێرەى ئەو زانیاریانەى تۆڕى میدیایی رووداو دەستى کەوتوون، رێکارەکانى ناردنى لیستی مووچەى مانگى ئایار بۆ وەزارەتى دارایی فیدراڵ کۆتاییان هاتووە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 28ى ئایار لەلایەن وەزارەتى دارایی و ئابووریى هەرێمى کوردستانەوە رەوانەى بەغدا بکرێت. 
 
بڕى ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی داوای دەکات بۆ مووچە 970 ملیار دینارە.
 
لیستەکە بێ پلە بەرزکردنەوەى مووچەى فەرمانبەرانە کە پێشتر فەرمانگەکان کاریان لەسەر ئامادەکردنى کردووە.
 
نەناردنى لیستی ئەو پلە بەرزکردنەوەیە پەیوەندیدارە بە خشتەى بودجەى 2024 کە پارەى بۆ ئەو مەبەستە تەرخان نەکردووە.
 
 تاوەکو ئێستا پارەى مووچەى هێزە ئەمنییەکان لەلایەن وەزارەتى دارایی فیدراڵەوە نەنێردراوە کە نزیکەى 300 ملیار دینارە. 
 
27ى ئایار وەزارەتى دارایی و ئابوورى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 85 ملیار دینارى داهاتى نانەوتى خستە سەر هەژمارى بانکى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بانکى ناوەندى.
 
بەگوتەى سەرچاوەیەکى بەرپرس، چاوەڕوان دەکرێت دواى رادەستکردنى ئەو داهاتە، ئەو بڕە پارەیەى دیکەى مووچەش بنێردرێت کە بۆ مووچەى هێزە ئەمنییەکانە.