وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: زیاتر لە نیوەی پرۆژەی رێگەی کەلار - سلێمانی ئەنجامدراوە

28-04-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن رێگەی کەلار - سلێمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن روونکردنەوەیەکی لەبارەی پرۆژەی رێگەی کەلار - سلێمانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، زیاتر لە نیوەی پرۆژەکە ئەنجامدراوە.
 
لە راگەیێندراوێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندا هاتووە "پرۆژەی رێگەی کەلار - سلێمانی، کە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت، لە رۆژی 19-12-2017 و لە سەردەمی کابینەی پێشووی حکومەت دەستکراوە بە کارکردن تێیدا".
 
بەپێی راگەیێندراوەکە "هەرچەندە لە کابینەی پێشوودا تەنیا یەک پێشینەی بۆ تەرخانکرا کە بڕەکەی تەنها شەش ملیار و 934 ملیۆن و 260 هەزار دینار بوو، بەڵام لە ماوەی تەنیا ساڵ و نیوێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، بەهۆی بە هەند وەرگرتن و گرنگیپێدانی پرۆژەکە لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بڕی 55 ملیار و 419 ملیۆن و 842 هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجکراوە و رێژەی ئەنجامدراویش گەیشتووەتە 53%".
 
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جەخت لەسەر زوو تەواوکردنی پرۆژەی رێگەی کەلار - سلێمانی دەکاتەوە، لە ڕاگەیێندراوی وەزارەتەکەشیدا ئاماژە بەوە کراوە "لە ماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا پێنج جار بەشێوەی مەیدانی ئەم پرۆژەیە و پرۆژەکانی وەزارەتی لە سنوورەکە بەسەرکردووەتەوە، لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی پرۆژەکانی کۆڵیونەتەوە و بەدواداچوونی بۆ کردوون".
 
هەروەها وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت "بە نووسراوی فەرمی داوای زیاتر لە 70 ملیار دیناری دیکەی کردووە بۆ بەڵێندەر و تەواوکردنی پرۆژەکە، هاوکات وەزیری ئاوەدانکردنەوە دڵنیایی داوەتە بەڵێندەر کە بەمنزیکانە تەرخانکراوی ساڵانە بۆ پرۆژەکە دەستنیشان دەکرێت".
 
پێشتر کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کەلار - سلێمانی رایگەیاندبوو، ئەگەر بودجە هەبێت ئەوا دەتوانن بە ساڵ و نیوێک رێگەکە تەواو بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە