بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە دەربەندی رانیە ریکۆردی مێژوویی تۆماردەکات

رووداو - رانیە

بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە دەربەندی رانیە مەترسی لەسەر پردی دەربەندەکە دروستکردووە، بەو هۆیەوە هاتووچۆ لەسەری سنووردار کراوە و رێگەنادرێت بارهەڵگر بەسەریدا تێپەڕبێت.

بەهۆی زۆری رێژەی بارانبارین لەمساڵدا و بەردانەوەی ئاوی بەنداوی کۆڵەسەر لە سنووری سەردەشت لەلایەن ئێرانەوە، ئاستی ئاو لە دەربەندی رانیە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

ئاستی ئاو لە ژێر پردی دەربەندی رانیە بەروارد بە ساڵانی رابردوو 19 مەتر بەرزبووەتەوە و ئێستا گەیشتووەتە 27 مەتر.

بەگوتەی بەرپرسانی ناوچەکە، لەدوای ساڵی 1988 هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ ئاستی ئاو لە دەربەندی رانیە بەو شێوەیە بەرزنەبووەتەوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی مەترسی لەسەر ژمارەیەک گوندی ناوچەکەش دروستبکات.

بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو دەڵێت، هاتووچۆ لەسەر پردی دەربەندی رانیە سنووردارکراوە؛ رێگە نادرێت بارهەڵگر بەسەر پردەکەدا تێپەڕبێت و ئۆتۆمبێلی زۆر لەسەر پردەکە کۆببنەوە.

بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێگەوبانی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند "پردەکە لە ساڵی 2004وە دروستکراوە، جۆری بێلییە، درێژییەکەی 210 مەترە. ئێمە ساڵانە چاودێری ئەو پردەمان کردووە و کاری نۆژەنکردنەوەمان بۆی ئەنجامداوە، لە هاوینی پارەوە چاودێرمان کردووە کە پردەکە مەترسی لەسەرە و پێویستە بە تەواوی بگۆڕدرێت".

بەختیار ئەحمەد دەڵێت "لەگەڵ چاودێریکردنی بەردەوامی ئەو پردە، لە چەند رۆژی رابردوو گەیشتینە ئەو بڕوایەی هاتووچۆکردن لەسەر ئەو پردە سنوورداربکرێت و تەنها ئۆتۆمبێلی بچووک بەسەریدا هاتووچۆ بکات، چونکە لە حاڵەتی ئاسایی قورسایی رێگەپێدراو لەسەر ئەو پردە 30 تۆنە، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی پردەکە دیفلێکشنێکی زۆری کردووە بە تایبەت لە سپانی سێیەم، کە چەمانەوەیەک روویداوە، بۆیە بە پێویستمان زانی رێگە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر نەدرێت بەسەر پردەکەدا هاتووچۆ بکات".

سەبارەت بە چاککردنەوەی پردەکە، بەڕێوەبەری رێگاوبانی راپەڕین گوتی " ئێمە لە مانگی 7ی 2018وە کاتێک داوای لیژنەیەکمان کرد لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەوەبوو لیژنەیەکی پسپۆڕ هاتن و سەردانی پردەکەیان کرد، دەرکەوت مەترسی لەسەر هەیە و پێویستە بگۆڕدرێت، پرۆژەیەکیش هەبوو لە بەڕێوەبەرایەتیمان بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوو، کە ئەویش بریتییە لە گۆڕینی پردەکە لە جۆری ئاسنەوە بۆ پردێکی کۆنکرێتی لەگەڵ زیادکردنی دوو پایە، درێژی پردەکەش لە 210 مەترەوە دەبێتە 350 مەتر، خۆشبەختانە لە مانگی 12ی 2018وە رەزامەندی وەزیری لەسەر وەرگیراوە بۆ ئەوەی دەست بە پرۆژەکە بکرێت و بودجەی پێویستیشی بۆ دابینکراوە، بەڵام ئەوەی ئێستا رێگرە لە دەستبکاربوونمان بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکەیە".

دەریاچەی دووکان گەورەترین دەریاچەی باشووری کوردستانە، توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، ئێستا زیاتر لە 6 ملیار ‌و500 ملیۆن مەترە سێجا ئاوی تێدایە.