خوێندکارێکی زانکۆ: دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی هەلێکی زۆر باشە بۆ پێشکێشکردنی بیرۆکە

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس لە هەولێر راگەیێندرا؛ سێ هەزار خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگەکانی هەولێر بەشدار بوون. خوێندکاران بە گرنگییەوە لە کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس دەڕوانن و بە دەرفەتێکی باشی دەزانن بۆ برەودان بە بیرۆکەکانیان.
 
هێمن خەلیل یەکێکە لە خوێندکارانی قۆناخی سێیەمی بەشی پەرستاری، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بیرۆکەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیان لە خانەی بەساڵاچووان هەیە، دەیانەوێت دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی بکەن بە پردێک بۆ فراوانکردنی بیرۆکەکەیان.
 
هێمن بە رووداوی گوت "پڕۆژەکەمان لەبارەی بەساڵاچووانە. دەمانەوێت بە هاوکاریی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی پەرە بە پڕۆژەکەمان بدەین تاوەکو دۆخ و رەوشی بەسەڵاچووان لەڕووی تەندروستیی خۆراکەوە پارێزراوبێت."
 
دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی هەلێکی دیکەیە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و، دەرفەتدان بە خۆبەخشان بۆ ئەوەی بەشداربن لە داڕشتنی بیرۆکەی بەرنامەکە بەپێی شوێن، کولتوور و ئەو ژینگە جیاوازانەی لێوەیەوە هاتوون.
 
یەعقووب عەبدوڵڵا، خوێندکاری پەیمانگەیە و لە کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس لە هەولێر بەشدار بوو، دەڵێ "بیرۆکەکانیان رێکبخەن لەرووی پەروەردە و تەندروستیی گشتی، هۆکارێکە باشە تاوەکو لەم رێگەوە گەنج هۆشیار بکرێتەوە."
 
خوێندکارێکی دیکەی زانکۆ بەناوی حوسێن وەهاب دەڵێ "بۆنموونە خۆم، لەوانەیە هەندێک زانیاری لەم دیدارەوە وەربگرم کە هەر گوێم لێی نەبووبێت یان بە کرداری نەمکردبێت."
 
یەڵدا رزگار، خوێندکاری زانکۆ باسی ئەوە دەکات "خوێندکار لە کۆلێژ زیاتر بە دوای خوێندنەوەیە و ناتوانێت بە دوای زانیاریی گشتیدا بگەڕێت یان لە دیداری زانستی لەم شێوەیە بەشداربێت، ناتوانێت ئەو بیرۆکەیەی هەیەتی، پێشکەشی بکات، بۆیە ئەم دیدارانە هەلێکی زۆر باشن."
 
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 27 هەزار گەنج، قوتابی و خوێندکار بەشدارییان لە کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس کردووە، 91٪ـی ئەوانەی ناویشیان تۆمارکردووە، تەمەنیان لە خوار 23 ساڵییەوەیە.
 
دکتۆر ئاراس برادۆستی دەڵێ "ئەو سێ هەزار گەنجە، نوێنەرایەتیی گەنجانی بەشداربووی نێو دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی دەکەن و دەیانەوێت بڵێن تەندروستیی گشتی، لە هەموو شتێک گرنگترە، دیداری دکتۆر ئاراس لە هەولێر پەیامێکی زۆر تایبەتی دەبێت بۆ هەموو کوردستان."
 
دیدارەکان لە هەریەک لە شار، شارۆچکە و قەزاکانی هەرێمی کوردستان پێشکێش دەکرێن، بيیاریشە چوارەم دیداری دکتۆر ئاراس لە سلێمانی بێت.