کەشناسی: ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری شاری سلێمانی و هەڵەبجە هەیە


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری سلێمانی و هەڵەبجە هەیە. کەشناسێکیش دەڵێت، بارانبارین تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت و لە هەولێر نزیکەی 50 ملیمەتر باران دەبارێت و ئەگەری روودانی لافاو هەیە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 28-1-2023، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ بارانبارین بەشێوەیەکی لاواز لە بەشێکی موسڵ و پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و دواتر هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
 
ئاسۆ کەمال ئاماژەی بەوەش کرد کە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە شەپۆلی بارانبارین بەهێز دەبێت و تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە کەشوهەوا ناسەقامگیر دەبێت.
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ئەمشەوەوە بارانبارین بە لاوازی دەستپێدەکات و 31ـی ئەم مانگە شەپۆلەکە بەهێز دەبێت. گوتیشی: "شەپۆلەکە تاوەکو 2 بۆ 3ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، زیاتر سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین دەگرێتەوە؛ ناوچەکانی دیکەش باش دەبن، بۆ نموونە لە هەولێر پێشبینی بارینی نزیکەی 50 ملیمەتر باران دەکرێت".
 
محەممەد کەمال ئاماژەی بەوەش کرد، بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت. گوتیشی: "پێشبینیی لافاو لە هەولێر لە رۆژی سێشەممەی داهاتوودا هەیە، ئەگەر گۆڕانکاری لە شەپۆلەکە روونەدات".
 
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە هەندێک شوێن؛ لە کاتەکانی شەودا رێژەی بارین زیاتر دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفری لەگەڵدایە، ئەگەری هەیە بەفربارین سەنتەری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش بگرێتەوە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی یەکشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ نمەباران لە هەندێک شوێن، لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر و باران دەبارێت و لەکاتەکانی شەودا ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری شاری سلێمانیدا هەیە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی یەکشەممە پلەی گەرمای باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
- هەولێر: 13 پلەی سیلیزی 
- سلێمانی: 11 پلەی سیلیزی
- دهۆک: 12 پلەی سیلیزی
- کەرکووک: 16 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە: 11 پلەی سیلیزی
- زاخۆ: 13 پلەی سیلیزی
- سۆران: 9 پلەی سیلیزی
- گەرمیان: 18 پلەی سیلیزی