ناوی 'ئەشکەنجەدەری زیندانی دیاربەکر' لە قوتابخانەکەی ئیزمیر لادەبرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە ناوی ئەسات ئۆکتای یڵدران، کە بە "ئەشکەنجەدەری زیندانی دیاربەکر" ناسراوە، لەسەر قوتابخانە سەرەتایییەکەی شارۆچکەی بوجا لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا لادرا.
ساڤاش جاندەمیر، بەرپرسی لقی 5ـی ئیزمیری سەندیکای کرێکارانی پەروەردە و زانست، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، رایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەو لێدوانانەی دوو رۆژە داومانە و بە پاڵپشتی رای گشتی، ناوی ئەشکەنجەدەر ئەسات ئۆکتای یڵدران لە قوتابخانەکە لابراوە، بەیانی تابلۆکانی قوتابخانەکە گۆڕدرا."
جاندەمیر سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد کە بەشداریان لە هەڵمەتەکە کرد و رایگەیاند، "بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین و سکاڵا لەسەر ئەو بەرپرسانە تۆمار دەکەین کە بوونەتە هۆی ئەوەی ناوی قوتابخانەکە بە ناوی ئەسات ئۆکتای یڵدران ـەوە ناوبنرێت."
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رۆژی سێشەممە 26ـی کانوونی یەکەم رایگەیاند، دانانی ئەو ناوە بۆ قوتابخانەکە "هەڵە" بووە و ئاماژەی بەوەدا، ناتوانرێت ئەم بڕیارە پەسند بکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەدا، لەو چوارچێوەیەدا زانیاری پێویست دراوەتە پارێزگای ئیزمیر کە دەسەڵاتی ناولێنانیان هەیە.
قایمقامییەتی شارۆچكەی بوجا رۆژی 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، لە هەژماری فەرمی سۆشیال میدیای خۆیدا رایگەیاند، ناوی "قوتابخانەی بنەڕەتی شەهید سادق شەن" گۆڕاوە بۆ "قوتابخانەی بنەڕەتی ئەسات ئۆکتای یڵدران"، هەروەها له قوتابخانەکەدا شوێنی یادگاری بۆ ئەسات ئۆکتای یڵدران ئامادەکراوه.
دوای بڵاوبوونەوەوی ئەو هەواڵە لە سۆشیال میدیا، ناڕەزایەتی زۆری بەدوادا هات.
گولستان كڵچ کۆچیغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی قەرس، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا نووسیویەتی، "ئەسات ئۆکتای یڵدران ئەشکەنجەدەر و بکوژ و رەگەزپەرستە، ئێمە رێگەتان پێنادەین ئەشکەنجەدەرەکان وەک نموونە پیشانی منداڵان بدەن."
هەروەها مستەفا یەنەرئۆغڵو پەرلەمانتاری پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی- دەڤا لە بازنەی ئیستەنبووڵ رایگەیاند، "کاتێک ناوی رەگەزپەرستێکی بکوژ لە قوتابخانەیەک دەنێن، گاڵتە بە ئازاری ملیۆنان کەس دەکەن، ئەمەش ورە بە ئەشکەنجەدەرەکان دەبەخشێت و تاوانە ترسناکەکانی رابردوو سپی دەکاتەوە."
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی کۆجائەلی نووسیویەتی، "ئەمە چ جۆرە سوپرایزێکە؟ ناوی کەسێک کە تاوانی ترسناکی دژی مرۆڤایەتی کردووە، لە قوتابخانەیەک دەنێن. وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ئەمە تاوانە. ئێوە دەتانەوێت قوتابییان وەک ئەو بن؟"
ئۆغوز کان سالیجی پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئیستەنبووڵ لە پۆستیکدا دەڵێت، "کەسێک کە بەرپرسیارە لە کوشتنی 60 کەس بە ئەشکەنجەدان وەک پاڵەوانێک پیشانی منداڵەکانمان دەدەن؟ ئێوە بەم شێوەیە لێپرسینەوە لە 12ـی ئەیلول ناکەن، بەڵکو لە ئامێزی دەگرن."
لە ماوەی ساڵانی 1980-1984 ـدا کاتێک ئەسات ئۆکتای یڵدران، بەرپرسی زیندانی دیاربەکر بوو، بەهۆی ئەشکەنجەی تووندەوە نزیکەی 50 کەس لە زیندانی دیاربەکر گیانیان لەدەستدا. دوای کودەتاکە، 1600 کەس بەهۆی ئەوەی لە زیندانی دیاربەکر ئەشکەنجەدراون، سکاڵایان لە دژی ئەسات ئۆکتای یڵدران تۆمار کرد، بەڵام دادگاکان لێکۆڵینەوەیان لەبارەی سکاڵاکان نەکرد.
زیندانی دیاربەکر بەهۆی ئەشکەنجەکانی ئەسات ئۆکتای یڵدران ـەوە بە یەکێک لە خراپترین زیندانەکانی جیهان هەژمار دەکرێت.
دەسەڵاتی ئاکپارتی لە ساڵی 2023ـدا بۆ ئەوەی یادەوەرییە ناخۆشەکانی ئەوێ لەبیر نەکرێن زیندانی دیاربەکریان کردە مۆزەخانە. ئەو کەسانەی رەخنە دەگرن دەڵێن، حکومەتی ئاکپارتی لەلایەک زیندانێک دەکات بە مۆزەخانە و لەلایەکی دیکەوە قوتابخانەیەکی بە ناوی ئەسات ئۆکتای یڵدران ـەوە ناوناوە.
ئەسات ئۆکتای یڵدران ساڵی 1949 لە دایکبووە، دەگوترێت لە 22ـی تشرینی یەکەمی 1988 لە ناوچەی عومرانییە لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ هاوژینەکەی و دوو منداڵیدا کاتێك سواری پاسێکی شارەوانی بووە، کوژراوە.