بایكۆتی خوێندن لە گەرمیان نەشكێندرا

رووداو- کەلار

هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، بڕیاربوو رۆژی سێشەممە 27/12/2016، پرۆسەی خوێندن لە خوێندنگەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەڕوونی دیارنییە بایكۆت شكێندراوە یاخود نا، چونكە تەنیا دەرگای ژمارەیەكی كەم لە خوێندنگەكان كراوەتەوە.

هاوشێوەی شارەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و قەزای كۆیە، لە زۆربەی خوێندنگەکانی گەرمیان تاوەكو ئێستا بایكۆت بەردەوامە و دەوامی ئاسایی خوێندن دەستی پێنەکردووە، بڕیابوو ئەمڕۆ بایكۆت بشكێندرێت، بەڵام وەك پەیامنێری رووداو گوتی "تەنها دەرگای چەند خوێندنگەیەك كراوەتەوە و ئەوانی دیكە داخراون".

هەڵۆ محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ ئەوە نین پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە و بەشێکیشیان بەباشی دەزانن خوێندن دەستپێبکاتەوە، بەگشتی تاوەکو ئێستا دیارنییە پرۆسەی خوێندن چی بەسەردێت.

لەبارەی مامۆستایانی ناڕازای، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە نزیکەی چوار هەزار خوێندکاری دەرچووی زانکۆ هەن و دەگوترێ ئەگەر مامۆستایانی ناڕازی دەست بە خوێندن نەکەنەوە، ئەو دەرچووانەی زانکۆ شوێنەکانیان پڕدەکەنەوە، بەڵام ئەوە بەفەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە، دەگوترێت فۆڕمێك دابەش دەكرێت بۆئەوەی مامۆستایان پڕی بكەنە، ئایا رازین لەسەر بەردەوامبوون لە مامۆستایەتی، یاخود وازدەهێنن.

لەمبارەیەوە پەیامنێری رووداو گوتی "قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان كرد، ئەو نە رەتیكردەوە شتێكی لەمشێوەیە هەبێت، نە پشتڕاستیشی كردەوە، بەڵام دوێنێ دووشەممە دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی روونكردنەوەی لەبارەی فۆڕمەكە داو رایگەیاند، ئەوە تەنیا بۆ خەرجكردنی دەرماڵەكەی حكومەتە، بۆ ئەوەی بۆ ئەو مامۆستایانە خەرج بكرێت كە دەوام دەكەن.

رۆژی دووشەممە 26-12-2016ی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی سەرجەم ئەو ناوچانەی بایكۆتیان تێدا راگەیێندراوە، لەبارەی بەردەوامیدان یاخود شكاندنی بایكۆت لە شاری سلێمانی كۆبوونەوە، پاشان بایكۆتیان راگرت، بەڵام نەیان شكاند، بۆ چوونەوە دەوامیش پێنج مەرج و داواكارییان ئاراستەی حكومەت كرد، یەكێك لە مەرجەكانیش پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە بودجەی 2017 ی عێراق.

داواكارییەكانی دیكەی مامۆستایان بریتیبوون لە: قەرەبووی ماوەی فەوتاوی خوێندن بكرێتەوە و هیچ زیانێك بە خوێندن و خوێندكاران نەگات، قەرەبووی مامۆستایان بكرێتەوە لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە، جگە لەوە هەر مامۆستایەك بەهۆی بایكۆتەوە سزادرابێت دەبێت سزاكەی لەسەر لاببرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پارەی هاندان و هاوكاری مامۆستایان بەشێوەی فەرمی بخرێتە سەر مووچەكانیان".

هاوكات 29 بەڕێوەبەر ‌و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی سنووری قەزای شارەزوور، بەهۆی ئەوەی گوێیان لێنەگیراوە و وەڵامی خۆپیشاندان و داواكارییەكانیان نەدراوەتەوە، دەست لەكاركێشانەوەیان لە پۆستەكانیان رادەستی بەڕێوبەری پەروەردەی قەزای شارەزوور كرد.

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح