لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سلێمانی سێ کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێک لە سلێمانی لە کۆنترۆڵ دەرچووە و خۆی بە دووکانێکدا کێشاوە؛ پەیامنێری رووداو دەڵێت، بەهۆی رووداوەکەوە سێ کوردی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 27-11-2024، لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەدی سلێمانی روویدا. پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، ''ئۆتۆمبێلەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە، لە سایدێکی شەقامەکە پەڕیوەتەوە و خۆی بە دووکانێکی شووشەواتدا کێشاوە کە بەهۆیەوە هەر سێ سەرنشینەکەی گیانیان لەدەستدا.''
بەپێی زانیارییەکان هەر سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن. شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت: ''ئۆتۆمبێلەکە ستۆپی نەمابوو، لە سەرەوە بە خێراییەکی زۆر هاتە خوار و لە کۆنترۆڵ دەرچوو، لێرە خۆی بە دینگەی (پایەی) بەردەم دووکانی براکەمدا کێشا.''
شایەتحاڵەکە گوتیشی: ''ئەو کەسانەی لە دووکانەکەدا بوون، هەمووی سەلامەتن و زیانی گیانیان بەرنەکەوتووە، جگە لە سێ سەرنشینەکەی ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا هیچ کەسێکی دیکە برینداریش نەبووە.''
بەگوتەی ئەو شایەتحاڵە، ئەو سێ گەنجەی رۆژئاوای کوردستان کرێکار بوون و کاتی رووداوەکە لە کار دەگەڕانەوە، ''هیچ برینێکیان بە جەستەیەوە دیار نەبوو، هیچ شوێنێکیان بریندار نەبوو، بەڵام بەداخەوە گیانیان لەدەستدا.''
هەر ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بە خێرایی ئۆتۆمبێلەکە کرد و رایگەیاند، "پێدەچێت بە خێراییەکی زۆر رۆیشتبێت، پشکنینی هاتووچۆ دەری خستووە لە 140 وەستاوەتەوە.''
وەک پەیامنێری رووداو دەڵێت، کەسوکاری سێ گەنجەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. دوای دەرهێنانەوەیان لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاکەوتنی خێرا، تەرمەکانیان گواستراونەتەوە بۆ دادپزیشکیی سلێمانی.
تیمەکانی پۆلیس و هاتووچۆی سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. جگە لە دووکانی شووشەواتەکە، زیان بەر ئۆتۆمبێلێکیش کەوتووە کە کاتی رووداوەکە، لەوێ وەستا بوو.
بەگوتەی شایەتحاڵان، ئەو دووکانەی ئۆتۆمبێلەکە خۆی پێدا کێشاوە، نزیکەی شەش پلیکان لە ئاستی شەقام و شۆستەکە بەرزترە، بەڵام بەهۆی خێرایی زۆرەوە، ئۆتۆمبێلەکە گەیشتووەتە بەر دەم ئەو دووکانە.
بە گوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، لە ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 ـی دیکەش بریندار بوون.