حکومەتی عێراق پەینی کیمیایی و بنەتۆو ناداتە جووتیاران

رووداو دیجیتاڵ

جووتیارێکی کورد لە کۆی 80 دۆنم زەوی بەنیازە بۆ ئەم ساڵ دوو دۆنم زەوی بکێڵێت و تۆی بکات، دلێر ئاگاداری بڕیارەکەی حکومەتی عێراقە کە هاوردە کردنی بنەتۆ و پەینی کیمیایی قەدەخەکردووە و چیدی هاوکاری جووتیاران ناکات و دەڵێت، ئەم بڕیارە نرخی پێداویستییە کشتوکاڵییەکانی لە بازاڕەکان سێ هێندە زیادکردووە.
 
دلێر عەبدولباقی، جووتیاری کورد لە سنووری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند ''حکومەت تەنانەت هاوردەکردنی لە شوێنەکانی دیکەشەوە قەدەخە کردووە، بۆ نموونە نرخ لێرە لەگەڵ هەولێر 100 بۆ 150 هەزار دینار جیاوازە، بازگەکانیش ناهێڵن هیچ کەرەستەیەک بێتە ئێرە، بە بەراود بە ساڵی رابردوو حکومەت پێدانی کەرستەکانی کەم کردووە بە شێوەیە بۆ زەوی دێمی تەرخان نەکراوە و بۆ بەراویش پێنج کیلۆ بە رووبەر یەک دۆنم دەدات لە کاتێکدا ئێمە بۆ دۆنمێک زەوی 50 کیلۆ پەینی کیمیایی خەرج دەکەین."
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیار داوە چیدی بنەتۆ و پەینی کیمیایی هاوردە نەکرێت و وەزارەتەکەش هاوکاری جووتیاران نەکات، بڕیارێک کە وێڕای گرانکردنی نرخی کەرەستە کشتوکاڵییەکان، بەجۆرێک کاریگەری لە بازاڕ کردووە و نرخی یەک تۆن پەینی کیمیایی لە 450 هەزارەوە گەیاندووەتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و ئەمەش ژمارەکی بریکارەکانی ناچارکردووە دووکانەکانیان
دابخەن.
 
عەلی محەممەد، بریکاری کەرەستە کشتوکاڵییەکان بە رووداوی راگەیاند "20 ساڵە من لەم بازاڕەم، یەکەمجارە تۆنی کیمیایی بگاتە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار و ئەمەش کاریگەری لە جووتیاران کردووە و جووتیار تاوەکو تۆنێک دەکڕێ هەزار پرتە و بۆڵە دەکات، من رۆژانە 30 بۆ 40  تۆن کیمیاییم دەفرۆشت، بەڵام ئەمڕۆ لە بەیانییەوە نیو تۆنم فرۆشتووە."
 
جووتیاران تۆنێک کیمیایی دەکڕن بە ملیۆن و نیوێک و کامیۆنێک 30 تۆنە و بە بەهای 50 ملیۆن دینار دەبێت، فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک درکی بە لێکەوتەکانی ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە و هۆکارەکەشی بۆ تەرخاننەکردنی بودجەی کشتوکاڵی دەگەڕێنێتەوە و تەنیا دەتوانن بۆ ئەم ساڵ بڕی پێنج کیلۆ پەینی کیمیایی بۆ هەر دۆنمێک زەوی و بە پارە بە جووتیارانی بدەن.
 
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت "وەزارەتی کشتوکاڵ ئەم ساڵ بەهۆی تەرخاننەکردنی دارایی کاریگەری دروستکردن لەسەر گرێبەستی ئەو کۆمپانیانە کە پێویستە پێداویستی دابینبکەن و نەبوونی پارە و نەبوونی پاڵپشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رێگای لیژنەی ئابوورییەوە کاریگەی دروستکرد لەسەر پێنەدانی پێداویستی کشتوکاڵی بە جووتیارانی کەرکووک و پارێزگاکانی دیکە."
 
لەگەڵ گرانبوونی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و زیادبوونی ناڕەوانی جووتیاران، نرخی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکانی عێراقیش دابەزیوە بە جۆرێک تۆنێک گەنم کە لە ساڵانی رابردوو بە 850 هەزار دینار وەردەگیرا ئەم ساڵ بە 400 هەزار وەردەگیرێت.