بۆ یەکەمجار ژمارەی کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا ئاشکرا دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی لیکۆڵینەوەکانی دوو مامۆستای زانکۆ لە ئەڵمانیا کە یەکێکیان کوردە، لەژێر ناونیشانی "جیاکاری و رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد لە ئەڵمانیا" تائێستا ملیۆنێک و 300 هەزار کورد لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، لە کاتێکدا تاوەکو ساڵی 2010، تەنیا 800 هەزار کورد لە ئەڵمانیا دەژیان. 
 
ئێستەر ئالمشتات و چنوور قادری، ئەو دوو ئەکادیمست و مامۆستای زانکۆیەی ئەڵمانیان کە بۆ یەکەمجار دوو لیکۆڵینەوەیان تایبەت بە کوردی نیشتەجێی ئەڵمانیا کردووە و دەرەنجامەکانیان بۆ رای گشتی خستووەتەڕوو.
 
ئالمشتات ماوەی ساڵێکە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی پەیوەندیدار بە کوردی دانیشتووی ئەڵمانیا لە پلاتفۆرمەکانی پێنج دەزگای راگەیاندنی گەورەی ئەڵمانیا بڵاودەکاتەوە، ئەنجامەکانیشی ئاشکرا دەکات و بەپێی ئەنجامەکە بەشێکیان کورد بە "شەیتان، تاوانکار و خراپەکار" وەسف دەکات و بەشێکیشی بە "فریشتە" وەسفیان دەکات و پێیان وایە هەوڵی خۆ گونجاندن دەدەن و هیوای زۆریان لەسەر چنراوە.
 
پ. د. ئێستەر ئالمشتات، مامۆستایە لە زانکۆی ئێڤانگێلیکی لە شاری بۆخوم، لەبارەی لێکۆڵینەوەکەی گوتی، "وێنەیەک بە خوێنەران دەدرێت کە کورد ئەندامن لە یەکێک لە گرووپەکانی تاوانکاری. لە کاتی خستنەڕووی تاوانکارییەکان لە سەر بنچینەی ئیتیکی، پەنا دەبردرێتە بەر دەستەواژەی دواکەوتوو. خاڵی دووەمیش ئەوەیە کە وێنەیەک بۆ کورد دەکێشرێت کە خواستی ئینتەگراسیۆن و خۆگونجاندن بەدەستدەهێنن و ئەمەش بۆ توانای پێداگیری کردنیان دەگەرێندرێتەوە کە ئەم مرۆڤانە هەیانە بەرامبەر ئەو رەگەزپەرستی و بێزارکردنی پێکهاتەییە."
 
پ. د. چنوور قادری، یەکێکە لە ئەکادیمیستە هەرە دیارەکانی کورد لە ئەڵمانیا و مامۆستای زانکۆی ئێڤانگێلیکیە لە شاری بۆخوم، پێیوایە لە قۆناخی دوای جەنگدا جیاوازییەکی روون لە رووی ناسنامە و کاری کۆمەڵایەتییەوە هەیە. لێکۆڵینەوەیەکی روونی کردووە، لەبارەی ئەو جیاکاری و رەگەزپەرستییەی بەرامبەر کوردی ئەڵمانیا دەکرێت، بەشێک لە لێکۆڵینەوەکەی لەبارەی ژمارەی کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتەیە.
 
چنوور قادری، باسی لێکۆڵینەوەکەی دەکات و دەڵێت، "بەپێی لێکۆڵینەوەی ئێمە دەتوانین بڵێین ملیۆنێک و300 هەزار کورد لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، بنەمای ئەو ژمارەیەش دوو سەرچاوەی فەرمین، حکومەتی ئەڵمانیا لە ساڵی 2011 بڵاویکردەوە کە ئەوان پێیان وایە 800 هەزار کورد لە ئەڵمانیا هەبن، سەرچاوەی ئەو 800 هەزارەش لێکدانەوەی سەرچاوەی دیکە بوو کە لەگەڵ رێکخراوی ناوەند لە شاری بۆن پێکەوە گەیشتبوونە ئەو ئەنجامە، سەرچاوەی دووەمیش، گوتمان ئەگەر لە ساڵی 2011ـەوە تاوەکو ساڵی 2023 کۆبکەینەوە لەگەڵیدا چەند دەکات؟، پەیوەندیمان بە فەرمانگەی ئەڵمانیا بۆ کۆچ و کۆچبەر کرد و ئەوان هەموو ژمارەکانیان بۆ ناردین و ناوی هەموو ئەو کوردانەی کە لە ساڵی 2011ـەوە هاتوونەتە ئەڵمانیا و نەک تەنیا لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو لە وڵاتانی جۆرجیا، ئەرمینیا، مۆڵداڤیا و  هەموو ئەو شوێنانەی کە کورد لێیان هەن و هاتوونەتە ئەڵمانیا ، کۆی ئەوان 537 هەزار کوردن لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا. لەو 537 هەزارەش هەندێکی لێ کەمبوونەتەوە بەهۆی پێنەدانی مافی مانەوە رۆیشتوونەتەوە یان چوونەتە وڵاتانی دیکە، بەڵام هەندێکی دیکە وەک بارزگان و خوێندکار هاتوونەتە شوێنیان و زۆربەی ئەوانەشی رەتکراونەتەوە هێشتا لە ئەڵمانیا ماونەتەوە، بەو جۆرە بە کۆکردنەوەی ئەو 800 هەزارە لەگەڵ ئەو 537 هەزارە بۆمان دەردەکەوێت کە زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار کورد لە ئەڵمانیا دەژین، بەو جۆرەش کورد دەبێتە یەکێک لە گەورەترین نەتەوە کە لە ئەڵمانیا هەن وەک کۆچبەر."
 
لە لێکۆڵینەوەکەی چنوور قادریدا هاتووە، کە لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2023 نزیکەی نیو ملیۆن کورد داوای مافی پەنابەری و مانەوەیان لە ئەڵمانیا کردووە، لەو ژمارەیەش کوردی رۆژئاوای کوردستان 236 هەزار و 605 کەسن، هەروەها کوردی باشووری کوردستان 147 هەزار و 254 کەسن، هەروەها ژمارەی کوردی باکووری کوردستان لە چاو ساڵانی رابردوو لە ئەڵمانیا زۆر زیادی کردووە، کەمترین بەشیش لەو ژمارەیە بەر کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێت کە تەنیا 12 هەزار و 280 کەسن.