گوتەبێژی یەکێتی: لە چوار وەزارەتەکەی کورد دووانیان بۆ ئێمەیە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامانجی سەردانەکانی حیزبەکەی بۆ لای هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو و لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقیش دەڵێت، "چوار وەزارەت بۆ کورد دیاریکراون و بەشێکی زۆری را و بۆچوونەکان ئەوەیە کە دوو وەزارەت بۆ یەکێتی بێت."
رۆژی پێنجشەممە 27-10-2022 سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا ئامانجی سەردانەکانی حیزبەکەی بۆ لای هێزە سیاسییەکانی کوردستان خستەڕوو و رایگەیاند، "بەردەوام لە بەغدا بووین و لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆبوونەوەمان کردووە، پێویستی دەکرد لە کوردستانیش ئەو بابەتانەی لە بەغدا باسکراون بۆ بەشداریکردنمان لە حکومەتی عێراق و ئەو دۆخەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان گفتوگۆ، بکرێن بۆئەوەی رای یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش بزانن."
گوتەبێژی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو، "لە هاوپەیمانێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت توانیومانە بەشێکی زۆری مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەین کە دەبێتە بەرنامەی حکومەتی داهاتوو کە بڕیارە ئەمڕۆ متمانەی پێبدرێت، سەرەتا مافە دەستوورییەکان لە بەرنامەی کاری حکومەتی داهاتوو جێگیر کراون و دواتر گفتوگۆ لەسەر وەزارەتەکان کراوە."
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی داهاتووی عێراق و چۆنێتی دابەشکردنی وەزارەتەکان لەنێوان پارتی و یەکێتی، سۆران جەمال ئەوەی خستەڕوو، "چوار وەزارەت بۆ کورد دیاریکراوە، بەشێکی زۆری را و بۆچوونەکان ئەوەیە کە دوو وەزارەت بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت."
قسەکانی سۆران جەمال تاهیر لە کاتێکدایە، پارتی پێداگری لەسەر وەرگرتنی سێ وەزارەت دەکات. تاوەکو ئێستا هەردوو پۆستی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ پارتی و وەزارەتی داد بۆ یەکێتی یەکلابوونەتەوە. وەزارەتی ژینگەش پشکی کوردە، بەڵام تائێستا دیار نییە کامیان وەریدەگرن.
هەرچەندە بڕیار بوو کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ متمانەدان بە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی کۆببێتەوە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ کاژێر 06:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ دواخرا.