قوتابییەک: هەوڵدانی 12 ساڵم بە یەک خولەکی زانکۆلاین فەوتا
رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە سلێمانی، هەولێر، زاخۆ و شارەکانی دیکە گردبوونەوە دەکەن و بەو کۆلێژ و پەیمانگایە رازیی نین کە زانکۆلاین بۆی دیاری کردوون. قوتابییەکیش لە سلێمانی دەڵێت، هەوڵدانی 12 ساڵم بە یەک خولەکی زانکۆلاین فەوتا.
رۆزا و هلند دووکچی دەرچووی پۆلی 12ن و دانیشتووی دوو شاری جیاوازن، بەڵام ناڕازیی بوونیان لە ئەنجامی وەرگرتنیان لە زانکۆ کردوونی بە هاوڕێ.
رۆزا بە کۆنمرەی 99.14 لە ریزبەندی چوارەمی دەرچووانی پۆلی 12یە لە هەرێمی کوردستان، بەو کۆنمرەیە لە زانکۆی پزیشکیی سلێمانی بەشی ددان وەرگیراوە، بەڵام بەشایستەی کۆنمرەکەی نازانێت.
رۆزا رەسوول، دەرچووی پۆلی 12 بە رووداوی راگەیاند "من یان ئەوەتا واز لە خوێندن دێنم یان چاکی بکەن بۆمان یان هەرچییەک بخوێنم سوودی نە بۆ خۆم نە بۆ چواردەورەکەم نابێت."
هلند خورشید، دەرچووی پۆلی 12 و بە رووداوی راگەیاند "بە کۆنمرەی 94.3 لە پەیمانگە و لە بەشی دەرمانخانە ناوم هاتووەتەوە، بە هەر کەس دەڵێم بە هەردوو دەستی دەدات بە سەری خۆیدا و دەڵێ بەو نمرە ناوت لە پەیمانگە هاتووەتەوە؟ خەون و ماندووبوون و هەوڵدانی 12 ساڵم بە یەک خولەکی زانکۆلاین فەوتا."
لە سلێمانی، هەولێر، زاخۆ و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بەشێک لە قوتابییانی دەرچووی پۆلی 12ی ئاماددەی دژی، وەرنەگرتنیان و ناڕازیبوونیان لە بەشی خوازراویان لە زانکۆ و پەیمانگاکان گردبوونەوە، قوتابییەکانی سلێمانی بۆ ماوەی نیو کاژێر شەقامی سەرەکی شارەکەیتان داخست.
پەپوولە کوردی، دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی بە رووداوی راگەیاند "لە کۆلیژی ددان بە خۆڕای وەردەگیرام یان بە پارالێڵ لە پزیشکی گشتیی بەئاسانی وەردەگیرام بەڵام ئەمساڵ هیچ، هەرنەبێ وەک پاری لێبکەن."
محەممەد تاهیر، دەرچووی پۆلی 12 لە هەولێر دەڵێت "من 99م هەیە پێنجەمی هەولێرم لە پزیشکی گشتیی بە پارالێڵ ناوم هاتووەتەوە، بە تاوانی دەزانم."
بۆ وەرگرتنی قوتابی بۆ خوێندنی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەرێمی کوردستان 52 و هەزار 532 قوتابی لەڕێگەی زانکۆلاینەوە داواکاریان پێشەکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە و بەپێی گوتەی شارەزایەکی پڕکردنەوە فۆرمی زانکۆلاین، دەیان قوتابی کێشەی جۆراو جۆر لە شێوازی وەرگرتنیان هەبووە.
بەرهەم مەجید، شارەزای زانکۆلاین بە رووداوی راگەیاند "نزیکی 10 هەزار قوتابی ئەم کێشەیان هەیە و تەنیا زیادکردنی کورسی چارەسەری ئەم کێشە دەکات."
لەو 52 و هەزار و 532 و قوتابییەی داواکاریان بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان کردووە، 43 هەزار و 277 یان وەرگیراون کە دەکاتە لە 82٪ و رێژەی دەرچووان و 9 هەزار و 255 قوتابیان پێشبڕکێ لەو چوار هەزار و67 کورسی بە تاڵ ماوەی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەن کە بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێن، کورسی بۆ وەرگرتنی 100٪ی دەرچووانی پۆلی 12 دابینکراوە.