بافڵ تاڵەبانی بە كۆی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە بە سەرۆكی یەكێتی هەڵبژێردرا

رووداو دیجیتاڵ

بافڵ تاڵەبانی، بە کۆی دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردرا. 
 
کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆی 27-09-2023 کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بە بەشداری ژمارەیەک میوانی نێوخۆ و عێراق دەستی بە کارەکانی کرد و  چەند گوتارێک لەلایەن میوانەکانەوە پێشکەشکران.
 
دوای پشوویەک کۆنگرە دەستی بە کارەکانی کردەوە و لەدوای چەند رێكارێكی یاسایی كۆنگرە، بە كۆی دەنگی ئەندامانی كۆنگرەی پێنجەم، بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێردرا.
 
هەروەها بە کۆی دەنگی ئەندامانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کۆسرەت رەسول عەلی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە پای رۆڵ و پێگەو ماندووبوونیان لە مێژووی یەکێتی، وەک سیمبوولی باڵای یەکێتی دیاریکران.
 
کۆنگرەی یەکێتی بە بەشداری 600 ئەندام لە هۆڵی هونەری شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ دەخایەنێت، بڕیارە لە کۆنگرەدا پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە هەموار بکرێتەوە و ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی لە 121 ئەندامەوە بۆ 51 ئەندام کەمبکرێتەوە. 
 
هەروەها ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی دەستنیشان دەکرێن، جگە لەوەش چاوەڕوان دەکرێت ئەنجوومەنێکی نوێ بەناوی ئەنجوومەنی پشتیوانی دابمەزرێ و ژمارەی مەکتەبەکانی یەکێتیش کەمبکرێنەوە.

 

پرۆفایلی بافڵ تاڵەبانی :
 
- بافڵ جەلال حیسامەدین تاڵەبانی
- کوڕە گەورەی مام جەلالە
- ساڵی 1973 لەدایکبووە
- بەرپرسی نووسینگەی سكرتاریەتی مام جەلال بووە
- بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی بووە
- ساڵی 1996 بەشداری لە راهێنانەکانی فەیلەقی بیانیی فەرەنسا کردووە
- ساڵی 1998 بەشداری لە راهێنانە سەربازییەکانی بەریتانیا کردووە
- لە ئەمریکا و بەریتانیا ستراتیژیی سیاسی خوێندووە 
- لە كۆنگرەی چوارەم بووە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتی
- هەر لە کۆنگرەی چوارەمدا بە هاوسەرۆک هەڵبژێردرا
- ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی سێ منداڵە