لە زاخۆ دوو پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو لەسەر رووبارەکانی هیزل و خابوور دروست دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دوو پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی لە رووبارەکانی خابوور و هیزل ئامادەکردووە کە ئاو بۆ کشتوکاڵ و چەند گەڕەکێکی زاخۆ دابین دەکات.
بەپێی خەمڵاندنی پڕۆژەکە، گواستنەوەی ئاو لە رووباری هیزل تێچووەکەی 28 ملیار دینارە، هەروەها پڕۆژەی گواستنەوەی ئاو لە رووباری خابوور بە گوژمەی 12 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
ساڵح حهسهن، بەڕێوەبەری ئاوی زاخۆ بە رووداوی گوت، "ئەم پڕۆژەیە لە گوندی رەبەنکاوە دێت تاوەکو دەگاتە گەڕەکەکانی ئەیاز، ئەردەوان، شوقە و رکاڤای نوێ لە زاخۆ. قۆناخی دووەم گوندەکانی سنووری ناحیەی دەرکار و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری دەگرێتەوە."
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی زاخۆ دەڵێت، لە ئەگەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، نزیکەی 60 هەزار دۆنم زەوی لە سنوورەکە بەراو دەکرێن.
ئیبراهیم عیدۆ، حەوت ساڵە کاری جووتیاری دەکات و 40 دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەیە، دەڵێت: "نزیکەی 20 کیلۆمەتر ئاوم لە رووباری خابوورەوە راکێشاوە، 15 ملیۆن دینارم لە کڕینی بۆری خەرجکردووە. خەرجییەکانی زۆر بوون، هەروەها گاز و رۆن و دەرمانیش گرانە، ئەگەر هاوکاریمان نەکرێت، زۆر زیاتر زیان دەکەین."
ئەمیر شنگالی، جووتیارێکی دیکەی سنوورەکەیە و باسی لەوە کرد، "780 بۆریمان هێنا تاوەکو ئاو گەیشتە ناو بێستانەکەمان، 15 دۆنم زەوی تەنیا بۆ وەرزێکە."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی زاخۆ، ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بێت، لە یەک کاژێردا هەزار و 500 مەتر سێجا ئاو لە رووباری هیزل دەگوازرێتە و لە رووباری خابووریش لە کاژێرێکدا 800 مەتر سێجا ئاو دەگاتە زاخۆ.