وەزارەتی رۆشنبیری: لە سەرچاوەی دارایی میدیا و پەیجەکانی هەواڵ دەکۆڵینەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری، بە سەرپەرشتی وەزیر و ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەزارەتی رۆشنبیری کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچووە و تێیدا چەند تەوەرێک گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، لیژنەی تایبەتیان پێکهێناوە بۆ زانینی سەرچاوەی دارایی میدیاکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیری کە رۆژی سێشەممە 27-9-2022 بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکانی ناوخۆ، گواستنەوە و گەیاندن و دارایی ئامادەبوون و لەسەر بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆیان کردووە کە داوایکردووە وهزارهتی رۆشنبیری و لاوان به هاوئاههنگی لایهنه پهیوهندیدارهكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بهدواداچوون بۆ سهرچاوهی دارایی میدیاکان له ههرێمی كوردستان بكەن.
رۆژی سێشەممە، نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەی تایبەت بۆ لێپرسینەوە لە سەرچاوەی دارایی میدیاکان درا و لە داهاتوودا دەستبەکاردەبێت."
بەگوتەی نامیق هەورامی، بڕیارەکە میدیای بینراو، بیستراو، خوێندراو و ئەلیکترۆنی دەگرێتەوە. گوتیشی: "ئەو پەیجانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەگرێتەوە کە کاری هەواڵی دەکەن؛ پەیج هەیە لۆگۆ و ستۆدیۆی هەیە و کەس نازانێت کێ بەڕێوەی دەبات و سەرچاوەی دارایی لەکوێوەیە؛ ئەوانە دەبێت رێکبخرێنەوە؛ هەندێکیان بوونەتە هۆکاری مەترسیی کۆمەڵایەتی و مەترسیشین لەسەر ئاسایشی نیشتمانی."
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی رۆشنبیرییدا هاتووە: "لە کۆبوونەوەکەدا ئامادهكردنی رێبهرێكی میدیایی بۆ میدیای كوردی، رێكخستنی بابهتی فریكوێنسی پهخشی كهناڵهكان و رێكلامی بازرگانی تاوتوێكران. لایهنه بهشداربووهكانی كۆبوونهوهكه، لەبارهی نێوهڕۆكی رێبهره میدیاییهكهوه جهختیان كردهوه كه پێویسته ههریهك له بابهتی پێوهرهكانی نێوەڕۆكی میدیایی، ئهرك و بهرپرسیارێتی پیشهیی پهیامنێرانی جهنگی، رێكخستنهوهی پرۆگرامه میدیاییهكانی تایبهت به خێرخوازی و میدیای ئهلیكترۆنی كوردیی ئاوڕی جیدییان لێ بدرێتهوه؛ ئاستی پیشهییان بهرز بكرێتهوه."
رۆژی 21-9-2022 حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە هەندێک ستانداردمان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داوە بە وەزارەتی رۆشنبیری بۆ چاککردنی نێوەڕۆکی کاری میدیاکان؛ دەبێت جۆرێک میکانیزم بدۆزرێتەوە کە کاتی دەوێت. ئێمە لە داهاتوودا لەگەڵ وەزارەتەکانی گواستنەوە و رۆشنبیری و پەرلەمانی کوردستان کاری لەسەر دەکەین؛ بەڕاشکاوی دەیڵێم لە هیچ وڵاتێک نییە یاسایەک هەبێت بەناوی یاسای شۆشیاڵ میدیا؛ تەنیا لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان نەبێت، چونکە کەس بۆی نییە سنوورێک بۆ سۆشیاڵمیدیا دابنێت."