حیزبەکانی رۆژهەڵات: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای چۆڵکردنی سەنگەری لێنەکردووین
رووداو-هەولێر
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بنکە و بارەگاکانیان لە هەرێمی کوردستانە، رایدەگەیێنن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی هیچ داوایەکی لێنەکردوون بۆ چۆڵکردنی سەنگەرەکانی سەر سنووری ئێران. بەرپرسی یەکێک لە حیزبەکانیش دەڵێت: "بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر، نامەیەکمان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵیان کۆببینەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 27.09.2022 کاکۆ عەلیار، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ داوای فەرمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەهاتووە بۆ ئەوەی سەنگەرەکانی سەر سنوور چۆڵبکەن، بەڵام هێزە ئەمنییە لۆکاڵییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سیدەکان و باڵەکایەتی بە حیزبەکانیان گوتووە، لە سنوور دووربکەونەوە.
کاکۆ عەلیار گوتی: "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەتەوە و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی نامەیەک ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنی پەیوەندیدار کۆببنەوە".
هاوکات کاوە بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حدکا بە رووداوی گوت، هەرکاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوایەکی لەو جۆرەی لێکردن، "ئێمەش وەڵام و بڕیاری خۆمان دەبێت."
هەر لەوبارەوە، ئارام مودەڕیسی، بەرپرسی سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ هێزێکیان نەکشاندووەتەوە و تەنیا لەپێناو پاراستنی ئەمنیەتی پێشمەرگە و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، چەند جێگۆڕکێیەکیان کردووە.