لە هەولێر هەڵمەتێكی پاککردنەوە و هۆشیاریی ژینگەیی دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەولێر و قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگاکە هەڵمەتێکی پاککردنەوە و هۆشیاری ژینگەیی و چاندنی درەخت و نەمام دەستپێدەکات و بۆ ماوەی هەفتەیەکیش بەردەوام دەبێت.
 
سیامەند کەریم، گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی، پارێزگار و قایمیقامی هەولێر، سەرۆکی شارەوانی، رێکخراوەکانی ژینگەپارێز و مامۆستایانی ئایینی هەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوە و هۆشیاری ژینگەیی لە سنووری پارێزگای هەولێر لە ئەمڕۆ 2020/09/27ـەوە دەست پێدەکات.
 
گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، "هەڵمەتەکە تەنیا لەنێو شاری هەولێر نابێت، هەموو قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و لە قەزا و ناحیەکان قایمقام و سەرۆکی شارەوانییەکان سەرپەرشتیی هەڵمەتەکە دەکەن کە بێجگە لە پاککردنەوە و هۆشیاریی ژینگەیی، چاندنی درەخت و نەمام دەگرێتەوە."
 
ئەمڕۆ قایمقامیەتی خەبات بە هاوئاهەنگی شارەوانی قەزاکە و بەشداری دامودەزگاکان حکومییەکان و هەرسێ ناحیەی رزگاری، دارەشەکران و کەورگۆسک، هەڵمەتێکی پاککردنەوە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی دەست پێدەکات.
 
ئەمڕۆ ناوبازاڕ، رێگەی سەرەکی و دارستانی قەزای خەبات پاکدەکرێنەوە و هۆشیاریی ژینگەییش بڵاودەکرێتەوە.
 
رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر لەبارەی چاندنی درەخت و نەمامیشەوە بە رووداوی راگەیاند، "بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی هەفتەی داهاتوو دەست بە هەڵمەتێکی فراوانی نەمامچاندن دەکرێت کە لە قۆناخی یەکەمدا 30 هەزار نەمام دەچێنرێت و بڕیاریشە ئەمساڵ بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر زیاتر لە 200 هەزار درەخت و نەمام بە چەند قۆناخێک لە هەولێر بچێنرێن."
 
هەموو ئەو درەخت و نەمامانەی بڕیارە بچێنرێن لە نەمامگەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارک و باخچەکان گەورە کراون، بێجگە لەوەش بەشێک لە درەختەکان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە دابین کراون.
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی 2020/09/19 د. فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ سەرۆک شارەوانییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بۆ زیاتر سەوزکردنی ناو شاری هەولێر و قەزا و ناحیەکانی سەر بە پارێزگاکە بڕیاری دا دەست بە هەڵمەتێکی فراوانی نەمام و درەختچاندن بکرێت.